هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە چی ڕوودەدات؟

4   کاتژمێر پێش ئێستا  23 جار خوێنراوەتەوە

رێککەوتنی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان وادەی جێبەجێ کردنی نزیک دەبێتەوە ئەوەش بە واتای کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لەسەر خاکی عێراق دێت کە لێکەوتەی مەترسیداری بۆ کورد دەبێت.

ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکە سەربازییەکانی عەین ئەسد و فڕۆکەخانەی بەغدا لە میدیاکانەوە بڵاوبووەتەوە.

ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە هاوبەشە ئەمنیەدایە کە لە دوو ساڵی رابردوو واژۆ کرا.

بە گوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە لە مانگی داهاتوو ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی پێ بهێنرێت و هێزە شەڕکەرەکان بکشێندرێنەوە بە دیاریکراوی هێزەکانی ئەمریکا.

هاوکات وا بڕیارە ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستانیش رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و بە تەواوی بکشێنەوە.

کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق مەترسی جددی لەسەر سوننە و کورد دروست دەکات ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوخۆیی گەورە دەهێنێتە ئاراوە.

گرووپە شیعە وەلائییەکان بەردەوام بە دوای دەرفەتێکدا وێڵ بوون کە پەلاماری کورد و سوننەکان بدەن و پێیان وایە پشتیوانی سەرسەختی ئەمریکاو ئیسرائیلن.

هەر لە ترسی کاردانەوەی ئەمریکا تا ئێستا نەیانتوانیوو زەفەر بەو دوو پێکهاتەیە بەرن بە تایبەت کورد.

سەڕەڕای ئەوەی هەنگاونان بۆ کشانەوەی ئەمریکا لەناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق هەستی پێ دەکرێت بەڵام گرووپە وەلائییەکان مەترسی خۆیان لەم هەنگاوە نیشانداوە و ترسی ئەوەیان هەیە ئامادەکاری بێت بۆ وەشاندنی گوەزێکی گەورەی ئاسمانی.

بە تایبەت بەم دواییانە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی زیادیان کردووە.

مەهدی کەعبی کە سەرکردەیەکی دیاری گرووپی میلیشیای نوجەبایە رایگەیاندووە هێرشی توندی ئاسمانی بۆ سەر عێراق نزیكەو دەكرێت لە هەر ساتێكدا رووبدات.

ئەو سەرکردە میلیشیایە جەختی لەوەکردووەتەوە هەوڵەکان بۆ چەکداماڵینی گرووپەکانی بەرەی بەرگری لە عێراق و لوبنان بەشێکە لە پلانەکانی ئەمریکا و رێگەنادەن سەر بگرێت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانیاری لەسەر کشانەوەی ئەمریکا بەهای دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و ١٠٠ دۆلار گەیشتەوە سەر و ١٤٠ هەزار دینار.

مەترسی ئەوە دەکرێت بە کشانەوەی یەکجاری ئەمریکا لە عێراق، کورد وەک گۆشتی قوربانی بخرێتە دەست گروپە میلیشیا توندڕەوەکانەوە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە