پەیامێکی نهێنی لە لیۆنێل مێسییەوە بۆ بارسێلۆنا
2025-09-10
208 جار خوێنراوەتەوە
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی سەرەڕای ناکۆکییەکانی لەگەڵ خوان لاپۆرتا، هێشتا خۆی بە خەمخۆری بارسێلۆنا دەزانێت، بۆیە ئەمجارەش لەدوورەوە ئامۆژگاری بەرپرسانی بارسا دەکات بۆ ئەنجامدانی دوو گرێبەستی گەورە لەپێناو گەڕانەوە بۆ لووتکەی ئەورووپا!.
ئەمساڵ ئامانجی بارسێلۆنا هەموو نازناوەکانە و هەنگاوی ستراتیژی تاوتوێ دەکات بۆ بەهێزکردنی تیپەکە و دابینکردنی هاوسەنگییەکی نموونەیی لەنێوان هێڵی بەرگری هێرشبردندا. بۆ ئەو مەبەستە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی، بەردەوامن لە کارکردن لەسەر بەهێزکردنی پێکهاتەکە.
لیۆنێل مێسی هیچ دەرفەتێک لەدەستنادات بۆ پشتگیریکردنی یانە کۆنەکەی و بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دیکۆ، کە پێکەوە یارییان بۆ بارسا کردووە و بەگوێرەی دیفێنسا سێنتراڵ، ئەمجارە مێسی بە دیکۆی گوتووە، دوو یاریزان دەتوانن بارسا بگەیننەوە لووتکە.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، مێسی ئامۆژگاری دیکۆی کردووە هەوڵ بدەن گرێبەست لەگەڵ جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری مانچێستەر سیتی بکەن، کە بە یەکێک لە دیارترین ئەو ناوانە دادەنرێت کە دەتوانێت شوێنگرەوەیەکی گونجاو بێت بۆ رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە ئەگەری رۆیشتنی لە کۆتایی وەرزدا.
پەیوەندییە تایبەتەکەی نێوان مێسی و ئەلڤارێز، چ لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و چ لەگەڵ یانەکاندا، وایلێکردووە ببێتە یەکێک لەو ناوانەی کە مێسی دەیەوێت بارسا سوود لە تواناکانی وەربگرێت.
دووەم یاریزان کە بەگوێرەی هەواڵەکەی دیفێنسا سێنتراڵ، مێسی دیاریکردووە بۆ ئەوەی بارسا گرێبەستی لەگەڵ بکات، لیساندرۆ مارتینێزی بەرگریکاری مانچێستەر یونایتدە.
لیۆ مێسی دڵنیایە کە ئەو بەرگریکارە ئەرجەنتینییە دەتوانێت هێڵی بەرگری یانەکە زۆر بەهێزتر بکات، لەکاتێکدا بارسێلۆنا دوای رۆیشتنی ئینیگۆ مارتینێز و چوونی بۆ نەسڕی سعودی، تووشی قەیرانێکی بەرگری بووە. ئەم هەنگاوە بارگرانییەکی زیاتری خستە سەر هانزی فلیکی راهێنەری تیپەکە، کە بەتەواوی دڵنیا نییە لەوەی کریستنسن یان ئاراوخۆ لە ناوەڕاستی بەرگریدا دەتوانن رۆڵی کاریگەر ببینن.
سەرەڕای ئەوەی لیۆ مێسی ئەم پێشنیازانەی پێشکێشی بارسا کردووە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە هێشتا پێیوایە کە بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکەی پێویستە گرێبەست لەگەڵ ئەلیساندرۆ باستۆنیی بەرگریکاری ئینتەرمیلان بکەن و ئەو بە باشترین بژاردە دەزانن بۆ بەهێزکردنی هێڵی دواوە، بەڵام لەئەگەری ئەوەی گرێبەستەکە لەگەڵ بودجەی یانەکەدا نەگونجێت، لاپۆرتا و دیکۆ لەوانەیە روو بکەنە لیساندرۆ مارتینێز، کە بژاردەیەکی گرانتر دەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو پێداویستییەکانی تیپەکە لە بەرگریکردندا دابین دەکات.
|