‌چۆن گرێ و کیسەی چەوری لە دومەڵ جیادەکرێتەوە؟

2025-10-06  335 جار خوێنراوەتەوە

ھەندێک جار کەسێک لەناکاو ھەست بە گۆشتێک دەکات لەژێر پێستیدا، ئەمەش کەمێک دڵەڕاوکێی تێدا دروست دەکات، بەڵام ئەم گۆشتە چەندین ھۆکاری ھەیە

د. نبیل عصام پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی بە شێوەیەکی سادە سێ جۆری باوی کیس دەخاتەڕوو، کە ئەمانەن:

1- گرێ چەوری (Lipoma): ئەم جۆرە گۆشتە بە گشتی نەرمە و بە ئاسانی لەژێر پێستدا دەجوڵێت، شێوەیەکی ناڕێکی ھەیە و کونێک یان دەمێک نییە لەسەر پێستەکە کە پەیوەندی بە بۆری چەورییەوە ھەبێت.

2- کیسەی چەوری (Sebaceous Cyst): لێرەدا گۆشتەکە ڕەقە و قەراغەکانی ڕێکن، بە ئاسانی لەژێر پێستدا ناچێت، بەڵکو نزیکە لە پێستەوە نووساوە و خاڵێکی تۆخ لەسەر پێستەکە ھەیە کە نوێنەرایەتی دەمی بۆری چەوری دەکات.

3- دومەڵ (Inflammatory Abscess): ئەمە بەھۆی ھەوکردن و کۆبوونەوەی دەردراوەکانەوە دروست دەبێت، لێرەدا گۆشتەکە ئازار بەخشە و پێستەکەی سوور ھەڵگەڕاوە و تا ڕادەیەک نەرمە کاتێک دەستی لێدەدرێت، ھەروەھا نیشانەکانی ھەوکردنی وەک تا، ئارەقکردنەوە و سەرئێشەی لەگەڵدایە.

ڕێگە چارەسەرەکان ئەمانەن:

1- بۆ گرێ چەوری و کیسەی چەوری چارەسەرەکە بریتییە لە لابردنی بە نەشتەرگەری کاتێک گەورە دەبێت یان دەبێتە ھۆی ئازار یان ناڕەحەتی بەھۆی شوێنەکەیەوە.

2- بۆ دومەڵ، پێویستە دەستبەجێ چڵکەکەی دەربھێنرێت لەگەڵ پێدانی چارەسەری گونجاو بۆ ڕزگاربوون لە کاریگەرییە خراپەکانی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە