بنزیما دەنگۆیەکی میدیاکان رەتدەکاتەوە

2025-10-06  120 جار خوێنراوەتەوە

کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و کاپتنی یانەی ئیتیحادی سعودی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن، یاریزانەکە گوشار لە کارگێڕیی یانەکە دەکات بۆ ئەوەی راهێنەرێکی پێشووی ریال مەدرید بکەنە راهێنەری یانەکە.
 
بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی یانەکە لە سەرەتای ئەم وەرزەدا، یانەی ئیتیحاد دوورخستنەوەی لوران بلان، راهێنەری یانەکەی لە کارەکەی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ راهێنەرێک بۆ شوێنگرتنەوەی دەستنیشاننەکراوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، کەریم بنزیما دەیەوێت سانتیاگۆ سۆلاری ببێتە راهێنەری یانەی ئیتیحاد و بۆ ئەوەش گوشار لە کارگێڕیی یانەکەی دەکات، بەڵام بنزیما ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە لەبارەی ئەو دەنگۆیانە نووسیوویەتی "رەنگە لە خەوندا" ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە.
 
سانتیاگۆ سۆلاری پێشتر لە 2018 راهێنەری یانەی ریال مەدرید بووە و بنزیما 5 مانگ لەژێر سەرپەرشتی ئەو یارییکردووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە دەنگۆی زۆر هەن کە یانەی ئیتیحاد لەگەڵ سێرجیۆ کۆنسێساو گەیشتووەتە رێککەوتن و ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییەکە نزیکترین بژاردەیە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە.
 
یانەی ئیتیحاد لە چوار یارییدا سێ بردنەوەی هەیە و یارییەکی بەرامبەر یانەی نەسڕ دۆڕاندووە، دوای ئەو یارییە یانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی لوران بلانیدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە