پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان چی لێهات؟

2   کاتژمێر پێش ئێستا  21 جار خوێنراوەتەوە

نزیک ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕبووە بەڵام تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی نێوانیان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن هەرچەندە پێشتر چەند جارێک زانیاری رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پۆستەکان بڵاوبوویەوە بەڵام تا ئێستا کابینەکە پێک نەهاتووە.

لە نوێترین پێشهاتیشدا ئەندامێکی وەفدی دانوستانكاری پارتی ئاشکرای کردووە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە نین وەزارەتی ناوخۆ رادەستی یەکێتیی بکەن و دانوستانیشی لەسەر ناكەن.

دڵشاد شەهاب، ئەندامی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: گرفتی نێوانمان لەگەڵ یەکێتیی، یەک شت نییە بەدیاریکراویی، بەڵام  نایشارینەوە ڕێکنەکەوتنمان لەسەر پۆستەو وتیشی ئەوەی ئێستا خراوەتەڕوو بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هی هەموو کاتەکان زیاترە.
دڵشاد شەهاب، لە چاوپێكەوتنێكدا میدیای پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: وەزارەتی ناوخۆی کوردستان یەكێكە لە گرێكوێرەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام هێشتا لە دانوستان و لە قۆناغی راگۆڕینەوەین لەگەڵ یەكتردا، جەختی لەوەشکردەوە رای فەرمی پارتی لەبارەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەوەیە، ئەو وەزارەتە نادات بە یەكێتی و دانوستانیشی لەسەرناكات.

ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەكیتی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دەستی پێکردووەو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند پێكهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیش دەڵێت تا بەشدار و شەریکی راستەقینەی ناو حکومەت نەبین بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ رازی نابین.

ئەو دوو حیزبە مێژوویەکی کۆنیان لەگەڵ ناکۆکی و دواخستنی هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەکانی حکوومەت هەیە، ئەوەش تەنیا بەهۆی پاراستنی پێگەو بەرژەوەندییەکانیانەوە بووە، دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک بە سێ ساڵی خایاند تا ئەنجامیاندا.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ پارتی و یەکێتی  جگە لە ڕێکنەکەوتنیان خۆشیان خواستی ئەوەیان هەیە بە دواخستنی کۆبوونەوەکان، پێکهێنانی کابینەکە بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخەن.

ئامانج لە دواخستنیشی ئەوەیە دابەشکردنی پۆستەکانی بەغدا و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بکەنە یەک پاکێج.

بڕیارە مانگی یانزەی ئەمساڵ گەرهیچ پێشهاتێک نەیەتە ئاراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە