هەڵبژاردەی عێراق لە بەسرە ئامادەکاری بۆ مۆندیال دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
18 جار خوێنراوەتەوە
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق نەخشە رێگای ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی مۆندیال ئاشکراکرد و دەستپێکی کەمپی راهێنانی تیپەکە لە شاری بەسرەیە.
هەڵبژاردەی عێراق دوای بردنەوەی یاریی پاشکۆی جیهان لە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، دوای چل ساڵ بۆ جاری دووەم گەیشتە یارییەکانی مۆندیال، گەیشتنی عێراق بۆ مۆندیال خۆشییەکی زۆری بە زیاتر لە 40 ملیۆن کەس بەخشی و لە کاتی گەڕانەوەی تیپەکە بۆ نێو خاکی وڵات پێشوازییەکی گەورەیان لێکراوە و لە لایەن سەرۆک وەزیران دیاریی زۆر گرانبەها و بەنرخیان پێشکەشکرا.
ئێستا گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ پشوودان گەڕاوەتە ئوستڕاڵیا، دوێنێ لە کاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی دیاسپۆرای عێراق لەو وڵاتە پێشوازییەکی زۆر گەورەیان لە راهێنەری هەڵبژاردەکەیان کرد، ئارنۆڵد بەر لە گەڕانەوەی پلان و نەخشەی کارکردنی بۆ مۆندیال پێشکەشی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی کردووە.
غالب زاملی، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "دەستپێکی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکان مۆندیال کردنەوەی کەمپێکی راهێنانە لە شاری بەسرە، دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەڵبژاردەکە دەست بە کەمپی مەشق و راهێنانەکانی دەکات، کە بڕیارە لە 27ـی مانگی پێنج ئەنجام بدرێت، دواتر هەڵبژاردەکە گەشت دەکات بۆ ئیسپانیا بۆ یارییەکی دۆستانە لە 4ـی مانگی شەش لەگەڵ هەڵبژاردەی ماتادۆر، ئەگەر هەیە لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگالش یارییەک بکەین".
هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە پێکهاتەیەکی تەواو یاری دەکات، واتە یاریزانەکانی خولی ناوخۆیی و ئەستێرە پیشەگەرەکان لەوکاتەدا پەیوەندی بە تیپەکەوە دەکەن.
ئەندامەکەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق زیاتر روونیکردەوە "هەر لەو کەمپی راهێنانەی لە ئیسپانیا ئەنجامی دەدەین، دەمانەوێت یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەیەکی بەهێزی کیشوەری ئەفریقیا ئەنجام بدەین کە لەوکاتەدا ئەوانیش لەوێ راهێنان دەکەن، ئەمەش ئاستی تیپەکەمان زۆر بەرز دەکاتەوە بۆ یارییەکانی مۆندیال".
هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە مۆندیال یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال یاری دەکات.
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق هەریەک لە یوسف ئەمین، ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، مارکۆ فەرەج، رێبین سۆلاقا، ئەیمار شێر لەگەڵ پیتەر گۆرگیس ئەستێرە کوردستانییەکانی تیپەکەن.
|