دایکی ئێمباپێ قەیرانێکی دیکەی کیلیان ئاشکرا دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  19 جار خوێنراوەتەوە

فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی ئاشکرایکرد کە کوڕەکەی لە دەرەوەی  ریال مەدریدیش تووشی قەیرانێکی نوێ بووە.
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی، بەرەو وەرزێکی بێ ئومێدکەر هەنگاو دەنێت، نەک تەنیا لەسەر ئاستی بەشدارییەکانی لەگەڵ ریال مەدرید و دوورکەوتنەوەی لەم دواییەی لە کێبڕکێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بەڵکو بەهۆی کەوتنی یانەی کانی فەرەنسی لە قەیرانێکی خنکێنەری ئەنجامەکاندا کە هەڕەشەی دابەزینی بۆ پلە چواری لەسەرە.
 
لەو کاتەوەی کیلیان لە 31ـی تەمموزی2024 بەفەرمی خاوەندارێتی یانەی کانی فەرەنسی راگەیاند، کە لە پلە دوو یاری دەکرد، یانەکە بووە جێگەی بایەخی ناوەندە وەرزشییەکان و ناوبانگی زیادکرد، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەنجامەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەیان کرد و قەیرانەکەی لەم وەرزەدا قووڵتر بووەوە.
 
لە کاتێکدا ئێمباپێ، کە بە قەیرانەکانی ریال مەدریدەوە سەرقاڵە، ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر ئەوە بدات کە لە ناو یانەکەیدا دەگوزەرێت، بەڵآم فایزەی دایکی، کە بە بەرپرسی یەکەمی یانەکە دادەنرێت، بێدەنگی شکاند و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئۆواست فەرانس باسی لە قەیرانی یانەکە کرد.
 
یانەی کان لە نیوەی خوارەوەی ریزبەندیی خولی پلە سێی فەرەنسادایە، بەو پێیەی دوای تێپەڕبوونی 29 گەڕ، لە پلەی نۆیەم دێت بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ و بەمەش دڵنیایی بووەوە کە ناتوانێت کێبڕکێ بکات بۆ گەڕانەوە بۆ خولی پلە دوو.
 
فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێ وتی "تیپەکە لە ناو ئەنجامگەلێکدا دەخنکێت کە لەگەڵ دیدگا و خواستەکانی خاوەنەکانیدا ناگونجێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پشتگیری لە دەستەی تەکنیکی و یاریزانەکان دەکات بۆ رزگارکردنی ئەوەی دەکرێت رزگار بکرێت پێش ئەوەی وەرزی داهاتوو کێبڕکێی سەرکەوتن بکەن.
 
یانەی کان 22 خاڵی تەواو لە یانەی دیجۆنی پێشەنگی خولەکە دوورە، ئەمەش لە وەرزێکی نوێدا کە زنجیرەیەک شکست لەخۆدەگرێت و تەنانەت دوای ئەوەی ئێمباپێ بوو بە خاوەنی، دۆخەکە خراپتر بووە.
 
لە لێدوانێکی دەگمەندا بۆ رۆژنامەی وێست فرانس، فایزە دانی بە بێئومێدی خێزانی ئێمباپێدا نا، بەڵام هێشتا بڕوای بەباشتربوون هەیە و گوتی "وەرزەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام روونە کە ئاستەکە لەو ئاستەدا نییە کە داواکراوە. من بە سروشتی خۆم کەسایەتییەکی کێبڕکێکارم و حەزم لە بردنەوەیە، بەڵام دەبێت ئارام بگرین و هەنگاو بە هەنگاو بڕۆین تاوەکو دەگەینە ئامانجەکەمان".
 
عەماری متمانەی تەواوی خۆی بۆ گایێل کلیشی، راهێنەری تیپەکە دووپاتکردەوە، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 ئەرکەکەی لە جێگەی ماکسیم دۆرنانۆ گرتە ئەستۆ.
 
گوتیشی "کلیشی لەگەڵ بەها مرۆییەکانی ئێمەدا دەگونجێت، من زۆر دڵخۆشم بە بوونی ئەو، چونکە ئەو بەرجەستەی کلتووری ماندووبوون و کارکردن و بەها بەرزەکان دەکات. پێموایە دەستمان کردووە بە هەستکردن بە باشتربوون لە مەشقەکاندا، هەرچەندە هێشتا لە یارییەکاندا رەنگی نەداوەتەوە، بەڵام بێگومان ئەوەش روودەدات".
 
لە هەمانکاتدا، کیلیان ئێمباپێ دوور لە قەیرانی ئەنجامەکانی یانەی کان، لەگەڵ ریال مەدریدیش لە بێئومێدییەکی نوێدا دەژی، دوای ئەوەی تیپەکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دوورخرایەوە بە دۆڕانی بەرامبەر بایرن میونشن بەئەنجامی ٦ - ٤ لە کۆی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە