یەکێتی زانایانی ئاییینی: ئەم جۆرە بیبسییە نەكڕن با توشی حەرام نەبن
2026-06-17
191 جار خوێنراوەتەوە
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لە کڕینی جۆرێکی خواردنەوەی بیبسی کە ئاڵای عێراقی لەسەرە، بەهۆی بوونی وشەی (الله أکبر) لەسەر قوتووەکە.
ماوەیەکە لە بازاڕ و مارکێتەکانی هەرێمی کوردستان جۆرێکی بیبسی بڵاوبووەتەوە کە وێنەی ئاڵای عێراقی لەسەر قوتووەکەی نەخشێنراوە.
بەهۆی ئەوەی ئاڵای عێراق وشەی (الله أکبر)ـی لەسەرە، ئەم بابەتە کاردانەوەی زۆری لەناو خەڵکدا لێکەوتووەتەوە و یەکێتیی زانایانیش بە فەرمی داوا دەکات هاووڵاتییان ئەو جۆرە بیبسییە نەکڕن.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاندووە: لەبەر ئەوەی ناوی (الله) پیرۆزە و ئەرکە بە پیرۆزی ڕابگیرێت و بپارێزرێت، بەهیچ شێوازێک قابیلی سووکایەتی و بێڕێزی نییە.
وتیشی دروست نییە ئەم ناوە پیرۆزە لەسەر کاڵا و شتومەکی بازرگانی بەکاربهێنرێت، بەتایبەت لە قوتووی بیبسی، چونکە دوای خواردنەوەی فڕێدەدرێت و دەکەوێتە شوێنی پیس و زبڵدان.
وتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوەش کرد فڕێدانی ئەو قوتووانە بێڕێزییەکی گەورەیە بەرامبەر بە ناوی پیرۆزی خودا و لە ڕووی ئایینییەوە بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەرچی زووە چارەسەری ئەم بابەتە بکەن بۆ ئەوەی خەڵک لە ڕێگەی کاڵا و خواردەمەنییەوە تووشی کاری بێڕێزی و حەرام نەبن.
|