کەمال کەرکووکی: پەرلەمانتاران گوناهباری لای خوا دەبن نەیەنە پەرلەمان
2026-07-12
253 جار خوێنراوەتەوە
کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت، پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن کە 39 کورسی هەیە، حکومەت پێکدەهێنێت و پابەندە بەو قەبارەیەی کە خەڵکی کوردستان لە رێگەی دەنگەکانیانەوە بۆ حزبەکانیان دیاری کردووە.
کەمال کەرکوکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند پەرلەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلی کوردە و هی هیچ حزبێک نییە، بۆیە بایکۆتکردنی بە زیان بۆ خەباتی گەل دەزانێت.
ئاماژەی بەوەشکرد "داوا لە پەرلەمانتاران دەکەم ئەو زنجیرەیەی حزبەکانیان بەسەریاندا فەرز کردووە بشکێنن و بچنە ناو پەرلەمان بۆ ئەوەی بەپێی ئەوەی لە دڵ و مێشکیاندایە خزمەت بکەن، چونکە هەر پەرلەمانتارێک رێگری لە دەوامی پەرلەمان بکات، لەپێش خودا و گەل گوناحبار و تاوانبار دەبێت".
سەبارەت بە هەوڵەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کەمال کەرکوکی سوپاسی حەمەی حاجی مەحمودی کرد بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەیەک لە بەرژەوەندی گەلی کورد و راشیگەیاند، کە پارتی بە وردی دیراسەی پڕۆژەکە دەکات و دواتر گفتوگۆی لەسەر دەکەنەوە.
کەمال کەرکووکی رەخنەی لەو لایەنانەش گرت داواکارییەکانیان لە قەبارەی کورسییەکانیان گەورەترە و جەختی لەوەکردەوە: "خەڵک قەبارەی هەموو لایەکی دیاری کردووە؛ پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23، نەوەی نوێ 15 و یەکگرتووش 7 کورسییان هەیە، بۆیە رێککەوتن لەگەڵ لایەنێک کە لە شایستەیی خۆی زیاتر داوا بکات مەحاڵە".
سەبارەت بە هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، کەرکوکی جەختی کردەوە پێویستە سەرەتا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و نابێت "ئەسپ بخرێتە پشت عەرەبانەکەوە"، دووپاتیشی کردەوە دەرگای پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەک کراوەیە.
|