عەلی زەیدی : شنگال بە جوانی ئاوەدان دەکەینەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
29 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دژ بە کوردانی ئێزدی ئەنجامیدا رایگەیاند،، وەفاداری بۆ قوربانییان بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و زامنکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی ئاوارەکان بەدیدێت.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت: یادی ئێزدییەکان وەبیرهێنانەوەی یەکێک لە قێزەونترین ئەو تاوانانەیە کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، وەفاداری بۆ قوربانییان تەنیا لە ڕێگەی بەدیهێنانی دادپەروەری، ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوەکان، چاودێریکردنی ڕزگاربووان، ئاوەدانکردنەوەی شنگال و زامنکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی ئاوارەکان دەبێت.
سەرۆکوەزیران ستایشی قوربانییدانی هێزە ئەمنییەکانی کرد لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا و جەختیشی کردەوە، دەوڵەت مافی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزێت و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سەروەریی عێراق و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
زەیدی جەختی کردەوە، حکومەت بەردەوام دەبێت لە وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و چەسپاندنی ئاسایش، تاوەکو شکۆی هەموو هاووڵاتییان بپارێزرێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانی هاوشێوە بگرێت.
|