مەسعود پزیشکیان: بەهۆی دانوستانەکان بێڕێزییەکی زۆر بە عەباس عێراقچی کرا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  111 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆککۆماری ئێران دژایەتیی خۆی بۆ جەنگ لەگەڵ ئەمریکا دەردەبڕێ و دەڵێت: ''کاتێک بە دانوستاندن دەتوانین مافەکانمان وەربگرین، بۆچی بچینە نێو جەنگەوە''؛ هەڕەشەش لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێ: ''لە هەر شوێنێکەوە هێرشمان بکرێتە سەر، هێرش دەکەینەوە سەر هەمان شوێن."

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی   لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ئاماژەی بە دەنگۆی پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوەی کرد و رایگەیاند: "هیچ کاتێک دەستم لەکارنەکێشاوەتەوە. ئەگەر دەست لەکاربکێشمەوە، ئەوە خۆم بە فەرمی رایدەگەیێنم."

مەسعود پزیشکیان سەبارەت بە ''لەمپەرەکان''ـی بەردەم راپەڕاندنی بەرپرسیارێتییەکەی وەک سەرۆککۆمار، بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی دروستکردنی ئاڵنگارییەکان گوتی: "خۆڕاگر دەبم و ئاستەنگ دروستکردن و پێشێلکارییەکان بۆ خەڵک باس دەکەم."

ئەو قسانەی پزیشکیان دوای لێدوانەکانی محەممەدباقر خەرازی دێت کە یەکێکە لە کەسایەتییە ئایینییە نزیکەکان لە بنەماڵەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاردانەوە و دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە میدیاکانی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.

سەرۆککۆماری ئێران دڵنیایی دەدات هیچ ناکۆکییەک لەنێوان حکومەت، رێبەر وهێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی نییە و ''سەرجەم لایەنەکان رێککەوتننامەی ئیسلامئابادیان قبووڵ کردووە.''

پزیشکیان بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ کەسێک وتی، 12 ئەندام لە کۆی 13 ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی بەرگرییان لە دەقی رێککەوتنی ئیسلامئاباد کرد و دەنگیان پێدا.

سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمریکییەکان دەیانویست لە دانوستاندنەکاندا هەموو توانای سەربازیمان لێ وەربگرنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین بمێنینەوە، دەبێ بزانین کەی جەنگ بکەین و کەی ئاشتی رابگەیێنین."

پزیشکیان رایگەیاند، هەندێک لە لایەنەکان لە نێوخۆی وڵاتەکەی داوای بەردەوامیدان بە جەنگ دەکەن و وتی: ''ئەوە هەمان ویستی ئیسرائیلە، بۆ ئەوەی ئێمە ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات. ئێمە دەستبەردای مافەکانمان نابین، بەڵام کاتێک دەتوانین بە دانوستاندن مسۆگەریان بکەین، بۆچی بچینە سەر ئەو رێڕەوەی ئیسرائیل دەیەوێت؟''

لە بەشێکی قسەکانیدا مەسعود پزیشکیان باس لە بابەتی دانوستاندنەکان دەکات و دەڵێت: ''خۆم داوام لە محەممەباقر قالیباف کرد، سەرپەرشتیی تیمی دانوستاندن بکات و ئەویش داواکەی قبووڵ کردم.''

هاوکات سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە ''هەوڵە بێ وچانەکان''ـی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە کرد، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن و وتی: ''سەرەڕای بێ رێزییەکی زۆر کە بەرامبەری کرا، هەوڵەکانی شەو و رۆژ بەردەوامن.''

قسەکانی مەسعود پزیشکیان لەکاتێکدان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکى ناجێگیردایە بەهۆى جەنگى ئێران و ئەمریکاوە کە لەنێوان رێککەوتن و دەستپێکردنەوەى جەنگێکی گشتگیردایە. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە