چارەنووسی 20 کۆچبەری کورد لە وڵاتی لیبیا بە نادیاری ماوەتەوە
2026-08-20
493 جار خوێنراوەتەوە
لەکاتێکدا کۆچی گەنجان بەرەو ئەورووپا بەردەوامە، هێشتا دەیان کۆچبەری کورد لە وڵاتی لیبیا بێسەرووشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕانیە ڕایگەیاند: دوێنێ 20ـی مانگ، 36 کۆچبەری کورد لەلایەن دەزگای نیشتمانیی پاراستنی وڵاتی لیبیاوە لەژێر دەستی مافیا و قاچاخچییەکان ڕزگار کران، کە ماوەیەک بوو کەسوکاریان لێیان بێهەواڵ بوون و مەترسی لەسەر ژیانیان هەبوو.
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاشکراشی کرد کە هێشتا 20 کۆچبەری گەنجی کورد بێسەرووشوێنن و هیچ کەسێک نازانێت لە کوێن. لەو ژمارەیەش هەشت کەسیان لە مانگی سێی ئەمساڵەوە و 12 کەسەکەی دیکەش لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە وڵاتی لیبیا بێهەواڵن.
کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بەتووندی هۆشداری دەدات و داوا لە گەنجان و خێزانەکانیان دەکات کە بە هیچ شێوەیەک ئەو ڕێگا پڕمەترسییانە هەڵنەبژێرن، چونکە ڕاستەوخۆ ژیان و چارەنووسیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بەردەوامە، ئەو ڕێگایانەی کۆچبەران هەڵیاندەبژێرن پڕ لە مەترسین و بەشێکی زۆریان دەکەونە دەست گروپە مافیاکان و قاچاخچییەکان، بەمەش چارەنووسیان نادیار دەبێت و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
|