مەسعود بارزانی: ئیرادەی گەلی کوردستان سەرکەوت و تاوانباران ڕووخان

2026-08-25  420 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود  بارزانی لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالی بادیناندا رایدەگەیەنێت، لە درێژەی زنجیرە تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراقدا، لە ماوەی نێوان 25ـی ئاب بۆ 6ـی ئەیلوولی 1988 هەڵمەتێکی نامرۆڤانە و دڕندانە دژی گوند و ناوچەکانی بادینان ئەنجامدرا، کە تێیدا هەزاران هاووڵاتی کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران و سەدان گوندیش وێران بوون، جەختیش دەکاتەوە، ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەو تاوان و پێشێلکارییانە بکاتەوە.

دەقی پەیامەکەی مەسعود  بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لەدرێژەی زنجیرە تاوانەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە سەدەی بیستەم، لە بیست و پێنجی ئابی 1988 هەتا شەشی ئەیلوولی 1988 ڕژێمی عێراق هەڵمەتێكی نامرۆڤانەی لە بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری سەربەرزی بادینان بەڕێوە برد. 

لەو پیلانەدا تاوانی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و ڕاگواستنی زۆرەملێ و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان لە لایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراقدا جێبەجێ كرا. 

لە ئەنجامی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە هەزاران هاووڵاتیی كوردستان كۆمەڵكوژ و بێ سەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور و وێران بوون.

ئامانجی سەرەكیی ڕژێم لەو تاوانە گەورەیە گۆڕینی دیموگرافی كوردستان و جێبەجێكردنی سیاسەتی زەویی سووتاو و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو. بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی گەلی كوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەركەوت و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە ڕووخان و بوونە پەندی ڕۆژگار.

لە یادی سی و هەشت ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و گەرمیان و بارزان و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. 

لەو یادە دڵتەزێنەدا ڕایدەگەیێنین ئەركی سەر شانی دەوڵەتی عێراقە كە قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و پێشێلكاریانە بكاتەوە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون.
مسعود بارزانی
25ی ئابی 2026


   ئەمانەش بخوێنەرەوە