وەزارەتی نەوتی عێراق گرانکردنی نرخی بەنزین ڕەت دەکاتەوە

2026-09-11  157 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە گرانکردنی نرخی بەنزین بۆ هاووڵاتییان دەکەن، و ڕوونی دەکاتەوە کە بڕیارەکە تەنیا فەرمانگەکانی دەوڵەت دەگرێتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان لە عێراق، وەزارەتی نەوت بە فەرمی ڕوونکردنەوەی دا و ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕای گەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە بڵاو بوونەتەوە، تەنیا پەیوەستن بە فەرمانگەکانی دەوڵەتەوە و بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتییان ناگرێتەوە.

کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری گرانکردنی بەنزین بە هیچ جۆرێک ئەو بەرهەمانە ناگرێتەوە کە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دابین دەکرێن.

وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە کە نرخی بەنزین بە هەمان ئەو نرخە پاڵپشتیکراوە دەمێنێتەوە کە لای هەمووان ئاشکرایە و هیچ جۆرە نرخێکی نوێی نەخراوەتە سەر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە