نرخی كارەبای 24 كاتژمێری بە فەرمی ڕاگەیەنرا
2025-06-03
2725 جار خوێنراوەتەوە
حكومەتی هەرێم نرخی نوێی كارەبای 24 كاتژمێری “پڕۆژەی ڕووناكی” لە وەقایعی كوردستان بە فەرمی بڵاوكردەوە.
كاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، کاتێک حکومەت ڕووبەڕووی مەترسی دەرەکی دەبێتەوە، دەبێت هەوڵی کەمکردنەوەی ناڕەزایی و ئەو بۆشایی و دابڕانە بدات، کە لە ناوخۆ لە نێوان هاووڵاتیان و حکومەت هەیە و باری سەرشانیان سووکتر بکات، دراسەی ڕەخنە و سەرنجەکان بکات، پابەندتر بێت بە یاساکان و ڕێزی دامەزراوە شەرعیەکان زیاتر بگرێت.
ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی هەرێم لە ئێستادا بە نایاسایی نرخی کارەبای گران کرد و لە وەقایعی کوردستان بڵاویکردەوە، لەكاتێكدا مووچە لە 3%ی تری 10 ساڵی ڕابردوو دەبێت ببڕێت و لە مووچەخۆری بگەڕێنێتەوە.
دەشڵێت: لەلایەکی تر مەترسی دەرەکی زۆرە لەسەر هەرێم، دەبێت بە تەنها هەرێم پشت ئەستوور نەبێت بە پشتیوانی دەرەکی و ئەو بۆشاییە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت لەگەڵ خەڵک کەمی بکاتەوە.
لە مانگی ڕابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم نرخی نوێی كارەبای 24 كاتژمێری پەسەند كرد و وەزارەتی كارەبای هەرێم بە فەرمی بڵاویكردەوە و لە ئێستاشدا لە وەقایعی كوردستاندا ڕاگەیەنراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هاووڵاتیان لەو نرخانە ناڕازین و دەڵێن: پارەی زۆریان بۆ دێتەوە، بەڵام بەرپرسانی حكومەت دەڵێن: پارە بەپێی بەكارهێنان هەژمار دەكرێت و بە بەراورد بە پارەی پێشووتری كارەبای نیشتمانی و مۆلیدە، هاووڵاتی لەم پڕۆژەیەدا پارەی كەمتر دەدات.
|