کێشەکانى هەولێر و نوێنەرانى کورد لە بەغداد

2025-06-05  341 جار خوێنراوەتەوە

بەغدا بەمەبەست و ئێمەش بە هەڵە، چارەسەرى زۆربەى کێشە و ناکۆکییەکانى نێوان هەولێر و بەغدامان بە پەرلەمان سپاردووە. لەکاتێکدا چارەسەرى زۆربەى ئەو کێشانە، لاى پەرلەمان نییە. ئەرک و رۆڵى پەرلەمان لە دوو ئاستى سەرەکیدا خۆى دەبینێتەوە، یەکەمیان دەرکردنى یاسا و دووەمیان چاودێریکردنى دەسەڵاتى جێبەجێکردنە. سەربارى ئەوەى هاوسەنگیی هێز لەنێوان هەردوو پێکهاتەى کورد و عەرەب لە پەرلەمان زۆر نابەرانبەرە، بەڵام نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى عێراق بە درێژایى دوو دەیەى رابردوو تاوەکو ئەندازەیەکى زۆر لە ئەرکى یەکەمیاندا کە دەرکردنى یاسایە، بەباشى ئەدای کارى خۆیان کردووە. ئەگەر بڕیار بێت لەسەر شتێک لۆمە بکرێن و بخرێنە بەردەم لێپرسینەوەوە، ئەرکى دووەمیانە کە چاودێریکردنى کارەکانى دەسەڵاتى جێبەجێکردنە. لەوەیاندا بە ئەندازەیەک کەمتەرخەمیان هەبووە وەک ئەوەى بە مافى خۆیان نەزانیبێت چاودێریی دەسەڵاتى بەغدا بکەن، لەکاتێکدا دەیانتوانى لەو رێگەیەوە کە ئەرکى یاسایى و ئەخلاقى سەرشانیان بوو، خزمەتى گەورە بە خەڵکى عێراق و کوردستانیش بکەن، بەڵام نەیانکردووە. 
 
دەسەڵات لە عێراق دابەش بووە بەسەر چوار جومگەى سەرەکیدا کە ئەوانیش دەسەڵاتى یاسادانان و دەسەڵاتى دادوەرى و دەسەڵاتى جێبەجێکردن و سەرۆکایەتیی کۆمارە وەک پارێزەرى دەستوور. کورد لە هەر چوار جومگەکەى دەسەڵاتدارێتیی عێراقدا پشک و نوێنەرى هەیە. کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداش کە کێشەى نێوان دوو پێکهاتەى سەرەکیی نەتەوەی کورد و عەرەبن، بەپێى سرووشتى کێشەکانیان چارەسەرەکەى دەکەوێتە لاى هەموو جومگەکانى حوکمڕانییەوە. بەتایبەتیش چارەسەرى بەشى زۆرى کێشەکان لە دەسەڵاتى حکومەتدایە. بۆ ئەوەى کێشەکان چارەسەر نەکرێن، بەغدا بە مەبەست کێشەکانى رووبەڕووى پەرلەمان و دەسەڵاتى دادوەرى کردووەتەوە، ئەویش بە پلەى یەکەم لەبەر ئەوەى لەو دوو جومگەیەى حوکمڕانیی عێراقدا کورد لاوازە، دووەمیش لەبەر ئەوەى چارەسەرەکان لەوێ نین. 
 
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردن و مایەى تێڕامانى قوڵیشە ئەوەیە کە نوێنەرانى کورد لە پشکى دوو جومگەکەى دیکەى حوکمڕانى (سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی حکومەت) زۆرجار خۆیان لە قەرەى کێشەکان نادەن، وەک ئەوەى ئەوان نوێنەرى کورد نەبن. هەندێکجار کە روبەڕووى رەخنەش دەکرێنەوە، دەڵێن ئێمە بە تەنیا نوێنەرى کورد نین لەو پێگە و پۆستانە و نوێنەرى هەموو عێراقین. لەکاتێکدا ئەوان بە نوێنەرایەتیی کورد ئەو پشکانەیان پڕکردووەتەوە کە بەرکەوتەى کوردن لەناو دەسەڵاتى عێراقدا. هەر یەک لەو کێشە و ناکۆکییانەى هەن لەنێوان کوردستان و عێراق، پێشتر لە دەستوور رێوشوێنى چارەسەرکردنیان دیاریکراوە، هەروەها ئەرکى جێبەجێکردنى رێگەچارەکانیش دیاریکراون. ئەوەى سپێردرابێت بە پەرلەمان کە یاساى بۆ دەربکات، هەندێکیان یاسایان بۆ دەرکراوە و ئەوەشى ماوەتەوە بەهۆى ئەوەوەیە کە کورد لە پەرلەمان رێگەى نەداوە رەچاوى خواست و بەرژەوەندییەکانى کوردستان نەکرێت. عەرەب سەربارى زۆرینە بوونیان هێشتا نەیانتوانیوە بەسەر کورددا بیسەپێنن بۆیە هێشتوویانەتەوە بۆ دەرفەتى لاوازبوونى زیاترى پێگەى کورد لە دامەزراوەى یاسادانان.
 
بەشى زۆرى چارەسەرى کێشەکان ئەوەى لە دەستووردا یەکلاکراوەتەوە و ئەوانەشى کە یاسایان بۆ دەرکراوە، جێبەجێکردن و پارێزگاریکردنیان کەوتووەتە ئەستۆى نوێنەرانى کورد لەو دوو دامەزراوەیەى سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنى وەزیران، بەڵام لایەنى عەرەبى لە بەغدا دەزانن کورد لەم دوو جومگەیەى حوکمڕانى دەتوانن رۆڵ بگێڕن، ئەرکەکانیان لەخۆیان دورخستووەتەوە و جارێکى دیکە سپاردوویانەتەوە بە دوو دەزگاکەى دیکەى دەسەڵاتى دادوەرى و یاسادانان. ئەمە بەلاڕێدابردنى ئەسڵى کێشەکان و وێڵکردنى رێگەچارەکانێتى. 
 
لە کێشەى دروستکراوى مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستانەوە، ئەم ستراتیجەى بەغدامان بە باشى بۆ روون دەبێتەوە. تەماشا بکەن لەکاتێکدا چارەسەرى ئەم کێشانە لەدەستى حکومەتدایە، بەڵام لە هیچ کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقدا ئەم کێشە و گیروگرفتانە ناخرێنە نێو ئەجێنداى کۆبوونەوەکانەوە. بۆ ئەمە ناکەن، روونە چونکە بەغدا نایەوێ کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام کاتێ رەخنە لە نوێنەرە کوردەکانى نێو ئەنجوومەن دەگیرێت بۆ ئەم پرسانە لە ئەنجوومەنى وەزیران یەکلاناکەنەوە، هەندێکجار بە پاساوى زۆر نالۆژیکى ئەرکەکان لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە کە ئەم پرسانە ببرێنە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەوە رەنگە بە زۆرینە و کەمینە بە زیانى کورد بکەوێتەوە. بەڵام لایان ئاساییە ئەم شەڕە بە پەرلەمانتاران بسپێرن لەناو زیاتر لە 300 ئەندام پەرلەمانى عەرەبدا. 
 
کورد جێگرى سەرۆکوەزیران و چەندین وەزیرى هەیە و دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە بڕیارى حکومەت. هەروەها دەتوانن بە بایکۆت و کشانەوەیان پەکى زۆربەى کارەکانى حکومەت بخەن. هەروەها لە زۆرێک لەو کێشانەى کە روون و ئاشکرا پێچەوانەى دەستوورن و سەرۆککۆمار دەتوانێت وەک پارێزەرى دەستوور رێگەیان لێبگرێت، بەڵام نە وەزیرە کوردەکان و نە سەرۆککۆماریش خۆیان بەو جۆرە نابیننەوە کە نوێنەرایەتیی کورد و کێشەکانى بکەن لە بەغدا، دەسەڵات و پۆستەکانیان وەک پۆستێکى عێراقى دەبن، لەکاتێکدا ئەوان نوێنەرى کوردستانن و بۆ بەرگرى لە ماف و داخوازییەکانى کورد ئەو ئەرکانەیان پێسپێردراوە. کەچى نەک هەوڵ بۆ بەدەستهێنانى ماف و داخوازییەکانى کورد نادەن، تەنانەت رێگە لەو زووڵم و ستەمکارییانەش ناگرن کە دەکرێتە سەر میللـەتەکەیان. 
 
ماجەرای دوو دەیەى رابردووى کێشەکانى نێوان کوردستان و بەغدا، ئەگەر وەک گۆڕەپانێکى یاریی تۆپى پێ تەماشا بکەین، دەبینین تیمى یاریزانانى کورد، تەنیا پەرلەمانتارانن. لەکاتێکدا کورد لە جومگەى بەدەسەڵاتدارتر و هەستیارتر، بەش و نوێنەرى هەیە و دەتواندرا رۆڵى گەورە بگێڕن لەوەى کورد ململانێکانى نەدۆڕێنێت. 
 
پێویستە ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە لە نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا راستبکرێتەوە کە تائێستا تەنیا پەرلەمانتارانى کورد خراونەتە بەردەم بەرپرسیارێتیی نوێنەرایەتیکردنەوە و شەڕى بەغداش بە تەنیا بۆ ئەوان جێهێڵدراوە. دەبێت نوێنەرانى کورد لە سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنى وەزیران و بەشداربووانى دیکەى ناو جومگەکانى دیکەى حوکمڕانیی عێراق لە دەسەڵاتى دادوەرى و پێگە سەربازی و ئەمنییەکان بەرپرسیار بکرێن لەوەى نوێنەرایەتیی مەسەلەى رەواى میللـەتێک دەکەن لەو پۆست و پێگە ئیداری و سیاسییانەى وەک بەرکەوتەى کورد پێتان سپێردراوە. ئەگەر ئەمە نەکەین، ئاو دەکەینە ئاشى ئەو ستراتیجە چەواشەکارانەیەوە کە کێشەکانى کورد دەگوێزێتەوە بۆ ئەو جێگەیەى کە شوێنى چارەسەر نییە.

عارف قوربانی نوسیویەتی..


   ئەمانەش بخوێنەرەوە