ئەمریکا: پێشنیازێکمان بۆ ئێران ناردووە قبووڵی بکەن باشترە

23   کاتژمێر پێش ئێستا  403 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی پێشنیازێکی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران داوەتە تاران. دەشڵێت، "لە بەرژەوەندی خۆیانە قبووڵی بکەن." 
 
تۆمی پیگت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "راوێژکارێکی باڵا و ویتکۆڤ، نێردەی تایبەت پێشنیازێکی پڕ وردەکارییان ناردووە و هانی رژێمی ئێران دەدەین پەسندی بکەن. پەسندکردنی پێشنیازەکە لە باشترین بەرژەوەندییان دایە". 
 
دەشڵێت، "زۆر روون بووین هەرگیز رژێمی ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت". 
 
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بەرژەوەندی نیشتمانی ئێمەدا نییە دانووستاندنی ئەو پرسانە لەبەردەم رای گشتی دا بکەین". جەختی لەوەش کردەوە، "هەمان ئەو شتە دووپاتدەکەمەوە لە سەرەتاوە گوتومانە و ناکرێت هەرگیز رژێمی ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت". 
 
ئیدارەی ترەمپ زۆرترین هەوڵ بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەدات. تاوەکو ئێستا هەردوولا پێنج گەڕی دانوستاندنیان لە رۆما و مەسقەت کردووە، دیاریش نییە کەی و لە کوێ گەڕی شەشەم دەکرێت. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، مەرجی ئەوان بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەوەیە چەکی ئەتۆمی و توانای پیتاندنی یۆرانیۆمیان نەبێت. بەرپرسانی تارانیش رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببن. 
 
لەدوو ڕۆژی رابردوودا، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم "100٪" دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیەتی. 
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە