بەشێک لە پزیشکانی هەولێر دەست بە بایکۆت دەکەن

13   کاتژمێر پێش ئێستا  291 جار خوێنراوەتەوە

پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەمی هەولێر لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، "ماوەی شەش مانگە دۆخێکی چەقبەستوو دروستبووە، بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، بە جۆرێک سەرجەم پزیشکانی ساڵی یەکەم، دووەم و سێیەم تاوەکو پزیشکانی پایەبڵند، بەو هۆیەوە 6 مانگە لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکیمان خزمەت دەکەین."
 
پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر دەڵێن، "ئێمە وەکو پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا لە ماوەی رابردوودا هەموو رێگەیەکی یاسایی و مەدەنیمان گرتەبەر، بەڵام وەزارەتی تەندروستی نەوەک هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەری، بەڵکو بەبێ گوێدانە رای پزیشکان، هەڵساوە بە شێواندنی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی."
 
داوکارییەکانی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو ئەمانەن:
 
- دیاریکردنی کاتێک بۆ دامەزراندنی پزیشکانی نوێ.
 
- وەستاندنی سیستمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندیی پزیشکان.
 
ئەو پزیشکانە ئاماژەیان بەوە کردووە، "بەگوێرەی ئەو سیستمە نوێیە، پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچارن دەوامی سێ خولی پزیشکان بخەنە ئەستۆی خۆیان."
 
پزیشکانی خولاو رایدەگەیێنن، "لێرەوە رایدەگەیێنین، لە رۆژی شەممە 7ی حوزەیرانی 2025 کاژێر 08:00ی بەیانی بایکۆتی دەوامکردن لە سەرجەم فریاکەوتن و نەخۆشخانەکانی هەولێر و سۆران بە هەموو بەشەکانییەوە رادەگەیێنین، تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان بایکۆت بەردەوام دەبێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە