عێراق داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەکات
13 کاتژمێر پێش ئێستا
182 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری بەرگریی عێراق دەڵێت، "پێمان وایە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا پێویستە، چونکە هێشتا پاشماوەکانی داعش ماون." ئاماژە بەوەش دەکات، "کەمپی هۆل هێشتا مەترسییە بۆ سەر عێراق."
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، "لە رێگەی تورکیاوە داوامان لە حکومەتی نوێی سووریا کردووە کەمپی هۆل دابخات، دواتریش لە عەممان داواکارییەکەمان بە شاندی سووریا لەبارەی هەمان بابەت گەیاند، بەڵام کێشەی کەمپەکە لە بوونی هاووڵاتیی ئەوروپییە، کە حکومەتەکانیان هیچ ویستێکیان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان پیشان نەداوە."
بە وتەی وەزیری بەرگریی عێراق، "گفتوگۆکانی حکومەتی نوێی سووریا و هەسەدە،" بۆئەوەی هێزە سەربازییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا، وەستاون.
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، سابت عەباسی دەڵێت، "هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە و بەغدا هیچ ئاگادارییەکی پێنەگەیشتووە سەبارەت بە گۆڕینی کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق؛ پێشبینیش دەکرێت لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا هاوپەیمانان هەندێک شوێن چۆڵ بکەن و بچنە هەرێمی کوردستان."
وەزیری بەرگریی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکمان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە گۆڕانکاری لە بڕیارەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا؛ داواشمان لێ نەکراوە رێگە بە زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بدەین."
دەربارەی پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە، عەباسی رایگەیاند، "کاردانەوەی پەکەکە بۆ پرسی ئاشتی و دانانی چەک ناڕوون و نادیارە، چونکە لەنێوان رەزامەندی و ناڕازیبووندایە، بەڵام ئێمە چاودێریی دۆخەکە دەکەین. بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان رۆڵی دەبێت لە پرسەکەدا، چونکە زۆربەی ئەو چەکدارانە لە خاکی هەرێمدان."
سەبارەت بە کەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی 2014، وەزیری بەرگریی عێراق وتی، "کەوتنی موسڵ بەهۆی نەبوونی لێکتێگەیشتن بوو لە نێوان حکومەتی خۆجێیی و هێزە ئەمنییەکان. تاوەکو ئێستاش لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی کەوتنی موسڵ ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکەی رانەگەیاندووە."
|