چوارچێوەی هەماهەنگی داوای خۆپیشاندان دەکات
11 کاتژمێر پێش ئێستا
306 جار خوێنراوەتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا داوای خۆپیشاندانی جەماوەری دەكات دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا پەرەسەندنی سەربازیی ناوچەکەیە بەردەوامە.
چوارچێوەی هەماهەنگی، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی کرد کە لە بەرامبەر "خۆبەزلزانینی قەوارەی زایۆنیستی" بوەستنەوە و ناچاری بکەن دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئێران ڕابگرن.
هەروەها جەختی لە پێویستی "خۆپیشاندانەکان ئاشتیانە و بەرفراوان کردەوە، داوای لە خەڵکی عێراق کرد هاوسۆزی لەگەڵ ئێران و خۆڕاگریی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێرش و دەستدرێژییە بەردەوامەکاندا نیشان بدەن".
ئەوە لەكاتێكدایە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و شوێنە سەربازییەکانی کردە ئامانج، لەوانە دامەزراوەی نەتەنز و بارەگای سوپای پاسداران لە تاران و ئیسفەهان.
سەرچاوە میدیاییەکان ڕایانگەیاندبو کە لانیکەم 20 فەرماندەی باڵای ئێران لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە زنجیرەیەک هێرشدا کوژراون .
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی نۆ لە دیارترین زانا و پسپۆڕانی لەناوبردوە کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا هەبوە.
ئێران وەڵامی دایەوە بە هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ناوچە جیاوازەكانی ئیسرائیل، لە ڕۆژی هەینیەوە هێرشەكانیان بۆ سەر یەكدی بەردەوامە.
|