نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێران دەکات

16   کاتژمێر پێش ئێستا  128 جار خوێنراوەتەوە

ئیدانەی ئەو هێرشانەی سەر ئێران دەکەین، کە بوونەتە هۆی زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەهەمانکاتدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عیراقیشە.

ئەم ‌کارانە بنچینەکانی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان لاوازدەکەن و دەبێتە هۆی ئەوەی مەترسییەکی زیاتر بخاتەسەر ئەو بارودۆخە هەستیارەی کە لە ناوچەکەدا هەیە.

ئەمەی ئێستا روودەدات تەنها کارێکی بێباکانە نییە، بەڵکو بەئامانجگرتنی بەئەنقەست و پەکخستنی ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانەیە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەستیپێکردوون.

هەوڵەکانی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی هاوسەنگ و سەقامگیر، لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە بوونەتە هۆی دانانی بناغەیەک بۆ بەرەوپێشچوون بۆ داهاتوو، ئەم کارانەش هێرشێکی راستەوخۆن بۆسەر ئەم هەوڵانە.

پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین، کە لەم هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە بەتایبەت سڤیلەکان، کە بەم ئازارە قورس و سەختەدا تێپەڕدەبن.

داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، هەنگاوی راستەوخۆ بنێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر، خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئاشتییەکی هەمیشەیی هەیە ئەمەش تەنها لەرێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە دەستدەکەوێت.

جەخت لەوەش دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیر بێت و بە ئاشتی بمێنێتەوە، هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزگاریکردن لە خەڵکەکەمان و ئەو سەقامگیرییەی کە زۆر بە جددی کارمان بۆ کردووە، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ئاڵۆزی چواردەوری گرتووین.

نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


   ئەمانەش بخوێنەرەوە