راگەیێندراوی حکومەت لەبارەی مووچە و دۆخی ناوچەکە
6 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "نامەیەکمان بۆ دادگەی فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە".
مەسرور بارزانی گوتی، "هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات، بە تایبەتیش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت".
دەقی راگەیەندراوەکە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە .
سەرۆک وەزیران گوتیشی، هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات ، بە تایبەتیش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد.
لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە ، کە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانکاری بووە و وەک هەمیشەش، فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی وسەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک .
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ، پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، پێشنیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیکە لە 7/1 تا 2025/12/31 خستەڕوو .
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد.
|