کەی یەکەکانی نیشتەجێ بوونی کرێنیشینان دابەش دەکرێت؟
6 کاتژمێر پێش ئێستا
291 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ماوەیەكی نزیكدا یەكەكانی نیشتەجێبوون بەسەر كرێنشینان و كەمدەرامەتاندا دابەش دەكرێن.. بەپێی ئاماری وەزارەتەكەش، لە ماوەی كارابوونی فۆڕمەكە زیاتر لە 25 هەزار خێزان فۆڕمی یەكەكانی كرێنشین و كەمدەرامەتانیان پڕكردووەتەوە.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارەكان گفتوگۆیكرد، دەربارەی دوا هەنگاوەكانی جیاكردنەوەی ناوی ئەو هاووڵاتییانەی كە فۆرمی یەكەكانی نیشتەجێبوونیان پڕكردووەتەوە، دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی جیاكردنەوەی ناوەكان، بە شێوەیەكی ئاشكرا و بە ئامادەبوونی نوێنەری كرێنشینان لە ماوەیەكی نزیكدا ناوەكان رادەگەیەندرێت.
بە بڕیاری وەزارەتەكە، ئەو یەكانە بە قیستێكی 25 ساڵی بەسەر كەسانی كەمدەرامەت و كرێنشینان دابەش دەكرێن. بەپێی زانیاریی و ئامارەكانی وەزارەتەكە، زیاتر لە 25 هەزار خێزان فۆڕمیان پڕكردووەتەوە، هەروەها، ژمارەی ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون كە بڕیارە بۆ كەمدەرامەتەكان دروست بكرێن 9 هەزار و چوار یەكەن، هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكەكان زۆرینەی كارەكانیان تەواو كراوە بەڵام بۆ تەواوكردنیان بەگشتی بودجەیەكی دەوێت كە بڕەكەی 267 ملیار دینارە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بە پێی ئاماری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان، نزیكەی 150 هەزار كرێنشین لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.
|