دوو بازرگان بە 62 كگم ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر دەكرێن
6 کاتژمێر پێش ئێستا
243 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ماددە هۆشبەرەكانی عیراق، توانیان دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە 62 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر بكەن.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە 7ROJ ی راگەیاند: "بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ماددە هۆشبەرەكانی عیراق، توانیمان دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر بكەین و دەستیش بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ و ماریوانادا بگرین".
بەپێی وتەی سەرچاوەكە، لە ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەكەدا، توانراوە دەستبەسەر 41 كیلۆگرام لە ماددەی كریستاڵ و 21 كیلۆگرام ماددەی ماریوانادا بگیرێت".
هاوكات بەڕێوەبەراتی گشتی كاروباری ماددە هۆشبەرەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا دەستگیركردنی ئەو دوو بازرگانەی ماددەی هۆشبەری پشتڕاستكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ماددە هۆشبەرەكانی كەرخ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی، ئەنجامدراوە.
|