فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت
7 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ لە شاری هەڵەبجە فێستیڤاڵی هەنار بەڕێوەدەچێ. دەستەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە دەڵێ، چاوەڕوانن زیاتر لە 300 هەزار سەردانیکاریان هەبێت.
یەکێک لەلایەنە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگاکەیە. هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری پارێزگاکە بە 7ROJ ی راگەیاند: "فێستیڤاڵ لە پێنجشەممە 30ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و 3 رۆژ بەردەوام دەبێت."
هەورامان جەلال وتی، "ئامادەکارییەکان بەردەوامن و لە رێگەی تیروپشکەوە دووکان یان شوێنی فرۆشتنی بەرهەمەکان دراوە بە جووتیاران، باخەوانان و ئەو کەسانەی دیکە کە بەرهەمیان دەبێت."
ئەم ساڵ 11ـەیەمین ساڵە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێ. ئەم خولەی فێستیڤاڵ هاوشێوەی پار لە پارك و شاری یاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێ.
بەرهەمەکان لە 550 دووکاندا دەفرۆشرێن
بۆ بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، جگە لە لیژنەی لاوەکی و گشتی، لیژنەی باڵا هەیە و لەلایەن چوار کەسەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەرسەلان عابد، ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەکە رایگەیاند: "تەنیا ناوەکە فێستیڤاڵی هەنارە، ئەگەرنا هەموو بەرهەمە خۆماڵییەکان و کارە دەستییەکان نمایش دەکرێن."
ئەرسەلان عابد وتی، "250 دووکان تایبەتن بە فرۆشتنی هەنار، بەرهەمە پاییزییەکانی دیکە، شیرەمەنی، هەنگوین و خۆراکە وشکەکان، کە خۆماڵی بن."
نزیکەی 200 دووکانی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە ئەم ساڵ تایبەت دەبن بە خواردنگە و فرۆشتنی خواردن. بە وتەی ئەرسەلان عابد، دەبێ هەموو ئەو خواردنانەی پێشکێشی میوانەکان دەکرێن، کوردەواری دەبن.
بەهۆی زۆریی خواست لەسەر دووکانەکانی فێستیڤاڵ و سنوورداربوونی ژمارەی دووکانەکان، سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە دەیانەوێ هەفتەبازاڕێکیش بکەنەوە، بەڵام هێشتا لەسەر چۆنێتی هەفتەبازاڕەکە و شوێنەکەی بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
|