هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە بارەی کۆچکردنەوە بڕیاریان دا
10 کاتژمێر پێش ئێستا
53 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر کۆچ، لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ رێکخراوێکی ئەڵمانی واژۆ کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە، گەنجان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی ئاگادار دەکرێنەوە و رێگە بۆ کۆچی یاساییان خۆش دەکرێت.''
بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كونسووڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان (جەی سی سی) و ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا (GIZ) کە رێکخراوێکی حکومییە، واژۆ کرا.
رێبەر ئەحمەد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی لێکتێگەیشتنەکەوە رایگەیاند، ''یەکەم جارە لێکتێگەیشتنێکی لەو شێوەیە لەگەڵ GIZ واژۆ دەکرێت کە تایبەتە بە بابەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر کۆچ لە هەرێمی کوردستان.''
بەوتەی وەزیری ناوخۆ، ئامانج لە لێکتێگەیشتنەکە ''هۆشیارکردنەوەی گەنجانە لە نەهامەتی و سەختییەکانی کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەورووپی، بەتایبەتی ئەڵمانیا.''
بە گوێرەی پۆلیسی ئەڵمانیا، چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 22 هەزار و 170 کۆچبەر چوونەتە وڵاتەکە، کە ژمارەیەکیان کوردن. رێبەر ئەحمەد وتی: ''لە بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکەدا، لە رێگەی کۆمەڵێک سەنتەرەوە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، رێگە بۆ کۆچی یاسایی گەنجانیش خۆش دەکرێت.''
وەزیری ناوخۆ نێوەرۆکی لێکتێگەیشتنەکە زیاتر روون دەکاتەوە و دەڵێت، ''ئەوەی بیەوێت بۆ هەر مەبەستێک بگاتە وڵاتێکی ئەورووپی بەتایبەتی ئەڵمانیا، هۆشیار دەکرێتەوە کە دەتوانێت لە رێگەیەکی یاسایی و تەندروست، بەبێ ئەوەی ژیانی خۆی و کەسوکاری بخاتە مەترسییەوە، بگاتە شوێنی مەبەست. یەکێک لەو رێگەیانە فێربوونی زمانی ئەڵمانییە.''
ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا هۆشیارییەکان لەسەر کۆچی یاسایی و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی، لە رێگەی میدیاکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو ناوەندانە بڵاو دەکاتەوە کە پێشتر لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەلایەن خۆی و ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (جەی سی سی) کراونەتەوە.
ساڵانە قاچاخچییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیا، ئوردن، میسر و وڵاتانی دیکەوە دەگەیێننە لیبیا، بۆ ئەوەی لەوێوە لە رێگەی دەریاوە بچنە وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام زۆربەیان دەستگیردەکرێن و بەشێکیشیان لەو رێگەیەدا گیان لەدەست دەدەن.
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، نزیکەی شەش هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کۆچیان کردووە.
|