نزیکەی سێ هەزار و 500 خانەنشین هەشت مووچە پێکەوە وەردەگرن
10 کاتژمێر پێش ئێستا
64 جار خوێنراوەتەوە
نزیکەی سێ هەزار و 500 خانەنشینی هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی مانگی هەشت، هەشت مووچە پێکەوە وەردەگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە چاوەڕوانی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت بەردەوامە و تا ئێستا بەغداد مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆی خەرج نەکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی، دوای کۆکردنەوەی داتاکان دەرکەوتووە بۆ مووچەی مانگی هەشت، سێ هەزار و 450 خانەنشین لە هەرێمی کوردستان هەشت مووچەیان بە یەکەوە بۆ خەرج دەکرێت.
هاوکات، تا ئێستا حکومەتی فیدراڵی، هەولێری ئاگادار نەکردووەتەوە لەبارەی ناردنی ئەو 120 ملیار دینارەی داهاتی نانەوتی کە بڕیارە هەرێمی کوردستان مانگانە ڕادەستی بکات. بەپێی ڕێککەوتنەکە، دوای نووسراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی عێراق، هەرێم 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە دەداتە بەغداد.
لەمەودوا تەنیا 73 ڕۆژ لەبەردەم حکومەتی عێراقدا ماوە بۆ خەرجکردنی پێنج مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چونکە لە 15ی کانوونی یەکەم خەرجییەکان ڕادەگیرێن. ئەمەش بەو مانایەیە کە پێویستە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا پێنج مووچە ڕەوانە بکات، لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان دەبێت 600 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد بنێرێت.
|