دەسەڵاتی دادوەری ئێران هۆشداری بە خۆپیشاندەران دەدات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
داواکاری گشتیی ئێران هۆشداریدا دەزگای دادوەری بە شێوەیەکی "یەکلاکەرەوە" ڕوبەڕوی ئەو خۆپێشاندانانە دەبێتەوە دژی گرانیی بژێوی ژیان ئەنجامدەدرێن، لە ئەگەرێکدا هەوڵی بۆ گۆڕینی ناڕەزایەتییە ئابورییەکان بۆ "تێکدانی سەقامگیری" بدرێت. ئەوەش لەكاتێكدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ناڕەزایەتی لە پایتەخت و چەند شارێك سەریهەڵدا و بەرپرسانی باڵاش جەخت لە دیالۆگ و جێبەجێكردنی داواكان دەكەنەوە.
محەمەد کازم موەحیدی، داواکاری گشتیی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، وتی، "خۆپیشاندانی ئاشتییانە سەبارەت بە بژێوی ژیان، بەشێکە لە واقیعی کۆمەڵایەتی و دەکرێت تێگەیشتمان بۆ هەبێت"، لە هەمانکاتدا هۆشداری دا کە "هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناڕەزایەتییە ئابورییەکان بۆ ئامرازێک بەمەبەستی تێکدانی سەقامگیری و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی یان جێبەجێکردنی ئەو سیناریۆیانەی لە دەرەوە ئامادەکراون، بێگومان وەڵامێکی یاسایی گونجاو و یەکلاکەرەوەی دەدرێتەوە".
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە ناڕەزایەتیەكان لە تاران، هەمەدان و ئەسفەهان دەستیان پێكردوە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێكدا داوای گوێگرتنی لە ناڕەزایەتییەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە کرد، هەروەها محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان هۆشداری دا لە هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی پێشهاتەکان و داوای كرد داواكارییەكانیان جێبەجێبكرێت.
هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانەکان، میدیا فەرمییەکان ڕایانگەیاند قوتابخانە و بانک و دامەزراوە گشتییەکان لە تاران و25 پارێزگای دیکە، ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی شەپۆلی سەرما و بۆ دەستەبەرکردنی وزە دادەخرێن.
دەسەڵاتداران ڕونیانکردەوە ئەم بڕیارە پەیوەندی بە خۆپێشاندانەکانەوە نییە، ئاماژەیان بەوەشکرد کە ناوەندە پزیشکی و فریاگوزارییەکان، یەکە ئەمنییەکان و لقە ئێشکگرەکانی بانکەکان، پشوەکە نایانگرێتەوە.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، خۆپێشاندانەکان لە کاردانەوە بە بەرزبونەوەی نرخەکان، هەڵاوسانی زۆر و دابەزینی توانای بژێوی ژیان هاتونەتە ئاراوە. ڕیاڵی ئێرانی، بەپێی نرخی نافەرمی بازاڕی ڕەش، ڕۆژی یەکشەممە ئاستێکی پێوانەیی نوێی بەرامبەر دۆلار تۆمارکرد، بەو پێیەی نرخی یەک دۆلار لە بەرامبەر ملیۆنێك و 400 هەزار ڕیاڵی تێپەڕاند، لەکاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر نزیکەی 820 هەزار ڕیاڵ بوە، ئەوەش بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس.
|