پەرلەمان مەرجەکانی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری بڵاوکردەوە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، دەرگای خۆ کانیدید کردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کراوەتەوە و داوا لەو کەسانە دەکات مەرجەکانیان تێدایە، لە سێ رۆژدا داواکاری پێشکێش بکەن.
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پاڵپشت بە یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2012، یاسای رێکارەکانی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە رادەگەیێنین."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو کەسانەی خوازیارن خۆیان کاندید بکەن، دەتوانن داواکاریی نووسراو لەگەڵ سیڤی و بەڵگەنامە فەرمییەکانیان پێشکێشی فەرمانگەی کاروباری یاسایی لە کۆشکی کۆنفرانسەکان لە بەغدا بکەن.
 
پێشکەشکردنی داواکارییەکان لە ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-12-2025، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، 4 و 5ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتژمێر09:00ـی بەیانی تا 03:00ـی دوای نیوەڕۆ دەبێت.
 
مەرجەکانی خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار:
 
- پێویستە هاووڵاتی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
 
-  تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
-  خاوەن ناوبانگی باش، شارەزایی سیاسی، دەستپاک و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
 
- بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو بێت.
 
- پێشینەی تاوانی نەبێت، بەتایبەت لەو تاوانانەی پەیوەستن بە شەرەفەوە.
 
- نابێت بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر رێکارێکی هاوشێوە گیرابێت.
 
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی دیاریکردووە کە لە 5ی کانوونی دووەمی 2026 دەبێت.
 
لەدوای هەڵبژاردنی، سەرۆککۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دەبێت.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە