وردەکاریی گۆڕینی ئۆفساید لەلایەن فیفاوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) و ئەنجوومەنی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (ئیفاب)، دەرگای گۆڕانکاریی گەورە و ریشەییان لەبەردەم شێوازی یارییکردنی تۆپی پێدا کردەوە، بەجێبەجێکردنی سیستمی نوێی ئۆفساید لە یارییەکانی تۆپی پێدا.
بیرۆکەی گۆڕانکارییەکە لە ئارسن ڤینگەری راهێنەری فەرەنسییەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ماوەیەکی زۆرە پڕوپاگەندە بۆ بیرۆکەی گۆڕانکارییە گەورەکە دەکات.
ڤینگەر داوا دەکات، ئۆفساید تەنیا ئەوکاتە ئەژمار بکرێت، کە هێرشبەر بەتەواوی جەستەیەوە لە دوایین بەرگریکەری تیپی بەرامبەر دەردەچێت.
فیفا و ئیفاب، کە بەرپرسن لە دانان و جێبەجێکردنی یاساکانی تۆپی پێ، دەیانەوێت ئەوەی بە 'یاسای ڤینگەر' بۆ ئۆفساید ناسراوە، بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڤینگەر کە ئێستا پۆستی بەڕێوەبەری گەشەپێدانی تۆپی پێی لە فیفا هەیە، داوای پەیڕەوکردنێکی نوێ بۆ سیستمەکە دەکات، ئەو دەڵێ تەنیا ئەوکاتە ئۆفساید ئەژمار بکرێت، کە هێرشبەری بەتەواوی جەستەیەوە لە دوایین بەرگریکەری تیپی بەرامبەر دەرچووبێت، ئەمە بەتەواوی گۆڕانکاریی بەسەر ئەو سیستمەدا دەهێنێت کە ئێستا پەیڕەو دەکرێت و بەسانتیمەتر دەرچووی هێرشبەر لە بەرگریکەر، بەئۆفساید ئەژمار دەکات.
چاکسازییەکانی ڤینگە لە یاساکانی ئۆفساید ساڵی 2020 دەستیپێکردووە، لە بنەمادا خزمەتی زۆری هێرشبەران دەکات. سیستمە نوێیەکە لە بیستی مانگی داهاتوو لە کۆبوونەوەی ئیفاب لە لەندەن چاوپێداخشاندنەوەی تەواوی پێدا دەکرێت، بەرلەوەی لە کۆبوونەوەی گشتیی فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەکە لە وێڵز لە مانگی دووی ساڵی داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە.
ئەگەر پێشنیازەکە قۆناغی یەکەم ببڕێت و لە کۆبوونەوەی گشتی فیفا لە مانگی دووی داهاتوو جێبەجێ بکرێت، بە رەزامەندیدانێکی نیوە کۆتایی دادەنرێت.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی دەڵێ، ئامانج ئەوەیە یاسا نوێیەکە بەزووترین کات و لە وەرزی دواتری 2026 - 2027 لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکان جێبەجێ بکرێت.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە لووتکەی وەرزشی جیهانی کە ئەم هەفتەیە لە دوبەی ئەنجامدرا، وتی، لێکۆڵینەوە لە یاسا نوێیەکەی ئۆفساید دەکەین کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەرکراوە و وایدادەنێت کە دەبێ هێرشبەر لە دوای بەرگریکەر یان لەهەمان ئاستی ئەودابێت، بۆ ئەوەی نەبێتە ئۆفساید.
ئینفانتینۆ زیاتر وتی، لە داهاتوودا وای لێدێت کە هێرشبەر دەبێ بەتەواوی جەستەیەوە لە بەرگریکەر تێپەڕیبێت، بۆ ئەوەی ببێتە ئۆفساید.
یاسا نوێیەکە ساڵی 2023 لە پاڵەوانێتییەکانی لاوان لە ئیتاڵیا و سوێد تاقیکرانەوە بەئامانجی دەستنیشانکردنی ئاستی گونجانی ئەو گۆڕانکارییە لەگەڵ دۆخی راستەقینەی تۆپی پێ لە نێو یاریگەکاندا.
پێدەچێ گۆڕانکارییەکە رەزامەندیی بڕیاربەدەستانی تۆپی پێی بەدەستهێنابێت و جێبەجێکردنی نزیک بێت.
ئارسن ڤینگەر ساڵی 2020 لەسەرەتای خستنەڕووی پڕۆژەکەیدا گوتی، دەمەوێت سیستمەکە بەشێوەیەک بگۆڕێت، کە تەواوی لەشی هێرشبەر لە دوایین بەرگریکەر تێپەڕی بێت، تاوەکو ئۆفساید ئەژمار بکرێت.
|