"پشتکردنە کورد بڕوا و متمانە بە وڵاتانی رۆژئاوا ناهێڵێت"
2 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
بەشێکی میدیای جیهان و وڵاتانی رۆژئاوا، ئەمریکا بە پشتکردنی هاوپەیمانە لەمێژینەکەیان و پاڵپشتیکردنی حکومەتی ئێستای دیمەشق، کە زۆرینەیان پێشتر چەکداری جیهادی بوون، تۆمەتبار دەکەن.
بەشێکی بەرپرسانی ئەمریکا و لەنێویاندا تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا دەڵێن، "هەسەدە بۆ لەنێوبردن و کۆنترۆڵکردنی داعش پێکهێندرا، ئێستا ئەرکیان تەواو بووە و پێویستە حکومەتی سووریا ئەو بەرپرسیارێتییانە هەڵگرێت و ببنە بەشێک لە حکومەت و سوپای عەرەبیی سووریا،" بەڵام بەشێکی بەرپرسانی دیکە، لەنێویاندا لیندزی گراهام، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران دژایەتییان بۆ پشتکردن لە کورد و هەسەدە پێشانداوە.
میدیای ئەمریکا: بەهۆی خیانەتکردن لە کورد، ئیدارەی ترەمپ و باراک رووبەڕووی رەخنەی تووند دەبنەوە
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی کشانەوەی تەواوەتی سەربازییە لە سووریا، ئەمەش وەکو "دەستبەرداربوونێکی یەکجارەکی" لە هەسەدە دەبیندرێت. تۆم باراک، نێردەی تایبەت، بەهۆی گوتەکانی کە گوتبووی "رۆڵی هەسەدە وەکو هێزێکی سەرەکی دژی داعش تاڕادەیەکی زۆر بەسەرچووە"، رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، نەیارانی ئەم بڕیارە دەڵێن، ئەمە "شکستێکی ئەخلاقی و ستراتیجییە." باراک تۆمەتبار دەکەن بەوەی رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق و ئەحمەد شەرعی لە پێشینەی کارەکانی داناوە و پشتی لەو هاوبەشە دڵسۆزە کردووە، کە "هێزی سەرەکی شەڕی داعش بوون."
میدیای فەرەنسا: رۆژئاوا لە گۆشەگیرییەکی سیاسی و دیپلۆماسیدایە و فەڕەنسا پاشەکشێ دەکات
رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا باس لە گۆشەگیربوونی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکات لە کاتێکدا وڵاتانی رۆژئاوا چاویان بڕیوەتە دۆخە نوێیەکەی دیمەشق.
بەپێی راپۆرتی ئەو میدیا فەرەنسییە، "فەڕەنسا و ئەورووپا لە پشتیوانییە دیپلۆماسییەکانیان بۆ پڕۆژەی کورد پاشەکشێ دەکەن،کورد جێهێڵراون تا لە پێگەیەکی زۆر لاوازەوە بۆ مانەوەی خۆیان دانوستاندن بکەن".
راپۆرتەکە ئەم گۆڕانکارییە وەک جۆرێک لە "سیاسەتی واقیعی وەسف دەکات، تێیدا هاوپەیمانی لەگەڵ کورد دەکرێتە قوربانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکانی ناوچەکە، بەتایبەت سووریا.
میدیای بەریتانیا : وڵاتانی رۆژئاوا کوردیان دژی داعش بەکارهێنا و ئێستا پشتییان تێکردن
رۆژنامەی ' ئانهێرد'ی بەریتانی رەخنەی تووند لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی رۆژئاوا دەگرێت و دۆخی ئێستای کورد وەکو "خیانەتی پێشبینیکراو" ناودەبات.
لە بابەتەکەدا هاتووە وڵاتانی رۆژئاوا کوردیان دژی داعش بەکارهێنا، بەڵام کاتێک مەترسییەکە نەما، پشتیوانییەکانیان نەهێشت، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم پشتێکردنە "بڕوا و متمانە بە رۆژئاوا تێکدەشکێنێت" و پەیامێکی مەترسیدار بۆ جیهان دەنێرێت هاوپەیمانی لەگەڵ رۆژئاوا "تەنیا کاتییە و هیچ ئاسایشێکی درێژخایەن بۆ هاوبەشەکانی دابین ناکات."
میدیای فینلەندا: کشانەوەی کورد لە کەمپەکان ئەنجامی بێباکی و پشتێکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە
رۆژنامەی "Helsinki Times" جەخت لەسەر ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەکاتەوە بەهۆی کشانەوەی هەسەدە لە کەمپی ئەلهۆڵ دروست بووە.
میدیاکە ئاماژەی بەوە کردووە: "نەبوونی هەماهەنگی و پشتیوانی نێودەوڵەتی" هۆکاری سەرەکی بووە کوردی ناچار کردووە پاشەکشێ بکەن، ئەمە وەکو دەستبەرداربوون لە بەرپرسیارێتی لە لایەن رۆژئاواوە دەبینرێت، کە بۆ چەندین ساڵ کوردانی "بە تەنیا جێهێشت تا مەترسیدارترین زیندانیانی جیهان بەڕێوەبەرن".
میدیاکە هۆشداری دەدات ئەم پشتێکردنە مەترسی بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەورووپی و منداڵانی ناو کەمپەکەش دروست دەکات.
تاوەکو ئێستا هەسەدە جگە لە کەمپی هۆل، سێ گرتووخانەی چەکدارانی داعشیشی جێهێشتووە. ئەمە بووەتە هۆی هەڵاتنی بەشێکی چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیان لەو کەمپ و زیندانیانەدا.
میدیای سوێد: بێدەنگی ئەورووپا بەرامبەر توندوتیژی دژی کورد خیانەتە
گۆڤاری گڵۆباڵ باری سوێدی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، داوایەکی بەپەلە ئاراستەی سەرکردەکانی ئەورووپا دەکات بۆ وەستاندنی تووندوتیژی دژی کورد و بێدەنگی ئێستایان وەکو "خیانەت لە بەها دیموکراسییەکان" وەسف دەکات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەورووپا نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەیەک بۆ کشانەوەی پاڵپشتی ئەمریکا کە بە کردەیی "چرای سەوزی بۆ پەراوێزخستنی هێزی کوردی داگیرساندووە."
جەخت لەوەش دەکاتەوە، پشتێکردن لە کورد، "پەڵەیەکی رەشە بە نێوچەوانی سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپاوە"، چونکە تەنیا ئەزموونی دیموکراسی و عەلمانی ناوچەکەیان بە تەنیا جێهێشتووە."
|