مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو ئاوارەکانی ڕۆژئاوادا هەیە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەتایبەتی لەنێو منداڵانی ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان دەدات و دەڵێت، سێ نەخۆشخانەی حکومییان هەیە کە تەنیا 150 نەخۆش لەخۆدەگرن.
 
هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی بەمیدیاکانی ڕاگەیاند، جگە لەوەی نەخۆش و بریندار زۆرن، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تەندروستیش، بەهۆی سەرماوە نەخۆش کەوتوون.
 
زۆربەی ئاوارەکان لە قامشلۆ، عامودا، دێرک و تربەسپی لە قوتابخانەکاندا دەمێننەوە. بەوتەی هەدیە عەبدوڵڵا، سەرەڕای ئەوەی گەرمکەرەوە، بەتانی و رایەخ بەسەر خەڵک دابەشکراوە، بەهۆی سەرماوە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەتایبەتی لەنێو منداڵان زیادی کردووە.
 
هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی ئاماژەی بەوە کرد، جگە لە سێ نەخۆشخانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، سێ تیمی تەندروستیی گەڕۆکیشیان هەیە کە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، بەردەوام سەردانی قوتابخانەکان دەکەن.
 
ڕاشیگەیاند، سێ نەخۆشخانەکە بەگشتی توانای لەخۆگرتنی 150 نەخۆشیان هەیە، ''بۆیە تیمە گەڕۆکەکانمان سەردانی قوتابخانەکان دەکەن، تاوەکو پێویست بە هاتنی نەخۆشەکان نەخۆشخانە نەکات.''
 
ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە هەبوونی ژمارەیەک بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەی تایبەت کە ئەوانیش بێبەرامبەر خزمەتگوزاری دەگەیێنن، دەزگای خێرخوازیی بارزانیش تیمێکی پزیشکی ناردوەتەوە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ژمارەی نەخۆش و بریندار زۆرن و بەهۆی سەرماوسۆڵەوە، ئەگەری هەڵکشانی ژمارەکەش هەیە، ''زیاتر لە سێ هەزار خێزان تەنیا لەم دواییانەدا ئاوارە بوون.''
 
باسی لەوە کرد، تەنیا سێ تیمە تەندروستییە گەڕۆکەکان سەردانی زیاتر لە چوار هەزار نەخۆشیان کردووە لە قوتابخانەکان و چارەسەر و دەرمانیان پێشکێشکردوون.
 
لە هەرێمی کوردستانەوە جگە لە پارەی کاش، خواردن و کەلوپەلی پێویست، بڕێکی زۆر دەرمان وەک هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان کۆکراوەتەوە. هەدیە عەبدوڵڵا دەڵێ، پێویستییان بە دەرمانی شۆردنی گورچیلەیە و گوتی: ''ئەو هاوکارییانە ورەی ئێمە بەرز دەکەنەوە. ئەوانەی دەیانەوێ هاوکاری بکەن، لیستێک لە دەرمانی پێویست ئامادە دەکەین و دەیدەینە دەستیان.''


   ئەمانەش بخوێنەرەوە