ئێران ئامادەکاری بۆ سیستمێکی نوێ لە گەرووی هورمز دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، خەریکی تەواوکردنی ئامادەکارییەکانن بۆ جێبەجێکردنی مەرج و رێکاری نوێی کارکردن لە گەرووی هورمز؛ ئەو رێڕەوە ئاوییەی کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پەکیکەوتووە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران رۆژی یەکشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی (ئێکس) رایگەیاند، "هێزە دەریاییەکانمان خەریکی تەواوکردنی ئامادەکارییە ئۆپەراسیۆنییەکانن بۆ جێبەجێکردنی 'پلانی راگەیێندراو'ی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سیستمێکی نوێ لە کەنداوی فارس."
سوپای پاسداران هۆشداری دا دۆخی نێو گەرووەکە "هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو، بەتایبەتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل."
ئەم راگەیێندراوەی سوپای پاسداران دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەکانی بۆ لێدانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پردەکانی ئێران نوێکردەوە، ئەگەر تاران ئەو رێڕەوە ستراتیژییەی کەشتیوانی بە رووی جیهاندا نەکاتەوە.
لەوەتەی جەنگ لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، ئێران تەنیا رێگەی بە هاتووچۆیەکی زۆر سنووردار لە نێو ئەو تەنگەیەدا داوە، ئەمەش بووەتەهۆی پەککەوتنی گواستنەوەی نزیکەی 20٪ی نەوت و گازی جیهان.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عومان رۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران و عومان لەبارەی ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز گفتوگۆیان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا پەرلەمانتارانی ئێران پێشنیازی وەرگرتنی "باج و سەرانە"یان لەو کەشتییانە کردووە کە لەو رێڕەوە تێپەڕ دەبن.
|