سوپاسالاری پێشووی ئەمریکا: سوپاکەمان شایستەی سەرکردەی خاوەن کەسایەتییە
5 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
ڕاندی جۆرج، سوپاسالاری پێشووی سوپای ئەمریکا، لە نامەیەکی ماڵئاواییدا کە بۆ بەرپرسانی پێنتاگۆنی ناردووە، ڕایگەیاند کە سەربازانی ئەمریکا شایستەی سەرکردایەتییەکی ئازا و خاوەن کەسایەتییە. ئەم نامەیە دوای ئەوە هات کە پیت هەگسێت، وەزیری بەرگری، داوای لێکرد دەستبەجێ دەست لەکار بکێشێتەوە و خانەنشین بێت.
پێشتر کەناڵی “سی بی ئێس نیوز” بڵاویکردەوە جۆرج لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە. سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە کە هەگسێت بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت کە ئەجێنداکانی ئەو و سەرۆک ترەمپ لە ناو سوپادا جێبەجێ بکات.
نامەی ماڵئاواییەکە، کە (CBS News) رۆژی شەممە ڕاستودروستییەکەی پشتڕاستکردەوە، دوای دوورخستنەوەی جۆرج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند کە جۆرج نامەکەی بۆ دانیال دریسکۆڵ بریکاری وەزیری سوپا، یاریدەدەری وەزیر، و ژەنراڵە باڵاکان و ئەفسەرانی تیمی تایبەتی خۆی ناردووە.
جۆرج لە نامەکەیدا نووسیویەتی: “گەورەترین شانازی بوو بۆ من کە لەگەڵ ئێوە خزمەتم کرد و سەرکردایەتی سەربازانم کرد بۆ پاڵپشتی وڵاتەکەمان. دەزانم هەمووتان بەردەوام دەبن لە سەرنجخستنی تەواو لەسەر ئەرکەکانتان، بەردەوام دەبن لە داهێنان و بەبێ وەستان بەسەر بیرۆکراسیدا زاڵ دەبن بۆ دابینکردنی ئەوەی جەنگاوەرەکانمان پێویستیانە بۆ سەرکەوتن لە بەرەکانی جەنگی مۆدێرندا.”
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: “سەربازەکانمان بەڕاستی باشترینی جیهانن؛ ئەوان شایستەی سەرکردەی ئازای خاوەن کەسایەتین. گومانم نییە کە هەمووتان بەردەوام دەبن لە سەرکردایەتیکردن بە ئازایەتی و ڕەوشت و خۆڕاگرییەوە.”
شان پارنێڵ، وتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە جۆرج وەک ٤١ـەمین سوپاسالاری سوپا دەستبەجێ خانەنشین دەبێت، و وەزارەتی بەرگری سوپاسی ساڵانی خزمەتی دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە ژیانی خانەنشینیدا.
|