تاوەباران و تەرزە و هەورەبروسکە بەردەوام دەبن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  26 جار خوێنراوەتەوە

کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ناسەقامگیری کەشوهەوا بەردەوام بێت و تاوەباران و تەرزە ببارێت.

بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی بەردەوامی ناسەقامگیری لە کەشوهەوادا، ئاسمان بە گشتی هەوردەبێت.

چاوەڕوانیش دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان تاوەباران و هەورەبروسکە هەبێت و لە هەندێک کاتیشدا لیزمەباران و تەرزە ببارێت، بەڵام بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری ئەم شەپۆلە لاواز دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ بە (٢ بۆ ٤) پلە نزم دەبنەوە. گەرمیان بە ٢٢ پلە بەرزترین و حاجی ئۆمەران بە ١٢ پلە نزمترین پلەی گەرمایان دەبێت. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (١٠-٢٠ کم/ک)، بەڵام لە هەندێک کاتدا چالاک دەبێت و دەگاتە سەرووی ٢٥ کم/ک، هەروەها مەودای بینین لە کاتی داباریندا بۆ ٤-٦ کم کەمدەبێتەوە.

سەبارەت بە سبەینێ سێشەممەش، کەشناسی ڕایگەیاند، ئاسمانی هەرێمی کوردستنا بەرەو نیمچە هەور دەگۆڕێت، تەنها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بە هەوری تەواو دەمێنێتەوە.

لە کاتەکانی بەیانیش تاوەکو دوای نیوەڕۆ، ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسکەی ناوبەناو لە ناوچە جیاجیاکان هەیە. پلەکانی گەرما جێگیر دەبن و نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، ئاراستەی باش دەگۆڕێت بۆ باکووری ڕۆژئاوا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە