قالیباف چۆن دەتوانێت ڕێگری لە جەنگی ئێران بکات؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  24 جار خوێنراوەتەوە

لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە یەکێک لە سەختترین قۆناغە مێژووییەکانیدا تێدەپەڕێت، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، خۆی لەبەردەم هاوکێشەیەکی مەحاڵدا دەبینێتەوە.

ئەو ئێستا وەک کارەکتەرێک دەردەکەوێت کە لە لایەکەوە واشنتۆن وەک ڕێکەوتنکارێکی “قبوڵکراو” دەیبینێت، بەڵام لە ناوخۆدا و لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە چاوێکی “گوماناوی” سەیری دەکرێت.

نامە و پەیامەکانی قالیباف؛ ترسن یان تاکتیک؟

قالیباف کە خۆی وەک “کەسی دووەمی سوپای پاسداران” لە ڕابردوودا ناسراوە، ئێستا هەوڵ دەدات ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان توندڕەوەکان و باڵی دیپلۆماسی (پزیشکیان و عێراقچی) بگێڕێت، وتارەکانی کۆتایی دوو پەیامی سەرەکییان تێدابوو:

بۆ ناوخۆ: هۆشداریدان بە سوپای پاسداران کە ئەمریکا و ئیسرائیل خاوەن باڵادەستیی سەربازین و تێچووی بەردەوامیی گرژییەکان زۆر قورس دەبێت.

بۆ ئەمریکا: دووپاتکردنەوەی “بێ متمانەیی تەواو”، تەنها بۆ ئەوەی دڵی توندڕەوەکانی سوپا ڕازی بکات و لە پۆستەکەی دوور نەخرێتەوە.

“دەوڵەتی بێ سەر”؛ کێشەی گەورەی ئەمریکا لەگەڵ تاران

شیکەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەورەترین بەربەست لەبەردەم هەر ڕێککەوتنێک، نەمانی “سەرکردەیەکی خاوەن بڕیارە” لە تاران دوای نەمانی ڕێبەر و لاریجانی و سەرکردە سەربازییە باڵاکان، حکومەتی پزیشکیان تەنها “ڕووکارە” و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بەسەر سوپای پاسدارانەوە نییە، ئەمەش وایکردووە واشنتۆن وا هەست بکات کە لەگەڵ “گرووپێکی بێ سەرکردە” دانوستان دەکات نەک دەوڵەت.

 مەرجە “خۆبەدەستەوەدانەکان” لە دیدی سوپاوە

ئەمریکا دوو داواکاریی سەرەکی داناوە کە لە فەرهەنگی سوپای پاسداران وەک “خۆبەدەستەوەدان” دەبینرێت:

گەڕانەوەی گەرووی هورمز بۆ دۆخی نێودەوڵەتی (بێ کۆنتڕۆڵی ئێران).

گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئێران و گەیشتن بە “سفر پیتاندن”، سوپای پاسداران ئەم مەرجانە ڕەت دەکاتەوە و هەر کەسێکیش نزیکیان بێتەوە (وەک قالیباف) بە “خائین” و “تابور” ناوزەندی دەکەن، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ ڕوحانی و زەریف کردیان.

هاوپەیمانیی گەمارۆدراو

قالیباف و پزیشکیان لەو بڕوایەدان کە تەنها ڕێککەوتن دەتوانێت ئێران لە “هەڵوەشانەوە” ڕزگار بکات، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە:

ئایا قالیباف دەتوانێت سوپای پاسداران ڕازی بکات کە پاشەکشە بکەن؟ زۆرینەی شیکەرەوەکان دەڵێن: نەخێر؛ سوپای پاسداران تەنها کاتێک مل دەدات کە گورزێکی سەربازیی وای لێبکەوێت کە چیتر توانای مانەوەی نەمێنێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە