ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: ئاگاتان لە مەترسییەکانی ئاسمانی عێراق بێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
129 جار خوێنراوەتەوە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە گەشتکردن بە ئاسمانی عێراق، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و داوایان لێدەکات هەست بە مەترسییە بەردەوامەکانی مووشەک و درۆن بکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشدارییەک بۆ هاووڵاتیانی لەبارەی گەشتکردنیان بۆ عێراق بڵاوکردەوە.
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە: "میلیشیا تیرۆریستییەکانی عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن، پلان بۆ هێرشی دیکە دادەنێن دژی هاووڵاتیانی ئەمریکی و ئامانجە پەیوەندیدارەکان بە ئەمریکاوە لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هێشتا هەندێک لایەنی پەیوەست بە حکومەتی عێراق پاڵپشتى سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو میلیشیا تیرۆریستانە دەستبەردەکەن."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاندووە، جارێکی دیکە ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا کراوەتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکا کە بیر لە گەشتکردنی ئاسمانی لە رێگەی عێراقەوە دەکەنەوە، هەست بە مەترسییە بەردەوامەکانی مووشەک و درۆن لە ئاسمانی عێراقدا بکەن.
ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا لە 8ی نیساندا کرایەوە، لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێران.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێشتا نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکا بەردەوامە لە کارەکانی سەرەڕای بڕیاری بەجێهێشتنی ناچاریی وڵاتەکە، ئەوەش بۆ هاوکارییکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە عێراق.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا بە هاووڵاتیانی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت: "هەوڵ نەدەن سەردانی باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کۆنسووڵخانەی گشتى لە هەولێر بکەن بەهۆی مەترسیی ئەمنیی زۆرەوە، ئەگەر پێویستیتان بە هاوکارییە لە رێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندی بە باڵیۆزخانە یان کۆنسووڵخانەکەمان لە هەولێر بکەن."
|