لە عێراق شەش ملیۆن چەک لە دەستی هاووڵاتییان وەرگیراوەتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، نزیکەی شەش ملیۆن چەک لە بانکی نیشتمانیی عێراق تۆمارکراوە، هەروەها هەزاران داواکارییان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی چەکی هاووڵاتییان وەربگرنەوە، تۆمارکردن و پێدانی مۆڵەتی چەک تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
عەقید عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەبارەت بە ژمارەی ئەو چەکانەی لە دەستی هاووڵاتییان وەرگیراون و بەردەوامبوونی پرۆسەکە، ڕایگەیاند، دۆسییەی ڕێکخستنەوەی چەک شایەتی پێشکەوتنی ڕوونی بەخۆیەوە بینیوە، ژمارەی فەرمانگەکانی تۆمارکردن گەیشتووەتە ٨٦٤ فەرمانگە لە سەرتاسەری عێراق، هەروەها ٣١٠ هەزار فۆڕمی داواکاریی تۆمارکردن وەرگیراون و پێداچوونەوەیان بۆ کراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی ئەو چەکانەی لە بانکی چەکی نیشتمانیی عێراق کۆکراوەتەوە گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و ٨٠٠ هەزار چەک، ناونووسین لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی “چاوی عێراق”ەوە ئەنجام دەدرێت و فۆڕمی تۆمارکردن بەخۆڕاییە.
لە کۆتاییدا وتی: فەرمانگەکانیان مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ڕێکارەکان بۆ وەرگرتنی چەکەکەوە تا پێدانی مۆڵەت دەکات، هەروەها تۆمارکردنی چەک تا ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.
|