پزیشکیان هۆشداری لە پچڕانی سەرتاسەریی کارەبا دەدات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  130 جار خوێنراوەتەوە

پزیشکیان هۆشداری لە پچڕانی سەرتاسەریی کارەبا دەدات؛ زیانەکانی ئێران ٢٧٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاند.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، دان بەوەدا دەنێت وڵاتەکەی تووشی قەیرانێکی “توند و بێپێشینەی” وزە و سووتەمەنی بووەتەوە و هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان ئەگەر دەست بە بەکارهێنانی غازو کارەباوە نەگرن، وڵاتەکە ڕووبەڕووی پچڕانی سەرتاسەریی دەبێتەوە.

ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، لە کۆتایی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی چڕ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراوەتە سەر ژێرخانی وزەی ئێران. بەپێی زانیارییەکان، زیانێکی گەورە بە کێڵگەی گازی “پارس جنوبی” و چەندین وێستگەی ستراتیژیی کارەبا گەیشتووە.

وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاندووە، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، هێرشەکان بڕی ٢٧٠ ملیار دۆلار زیانیان بە ئابووری و ژێرخانی ئێران گەیاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بارگرانییەکی گەورە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان.

لە دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەئامانجگرتنی تەواوی وێستگەکانی کارەبا، بەرپرسانی ئێران داوا لە گەنجان و خوێندکاران دەکەن “زنجیرەی مرۆیی” لە دەوری وێستگەکانی کارەبا دروست بکەن، وەک هەوڵێک بۆ پاراستنیان و هەژمارکردنیان وەک “سەرمایەی نیشتمانی”.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە