رێباز حەملان: هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی چواردا نییە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
156 جار خوێنراوەتەوە
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە سبەیەوە حکومەت ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی ئەو داهاتە نێوخۆییەی کە پێویستە بیداتە بەغدا.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە پرسی مووچە و پرسەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
رێباز حەملان ئاماژەی بە پرسی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوو نێردراوەتە بەغدا و ''ئەوەی ماوەتەوە نووسراوێکە کە دەبێ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر بڕی هەناردەکراوی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بینێرێ.''
بەوتەی رێباز حەملان، لە یەکشەممەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی ئەو بڕە داهاتە ناوخۆییەی کە دەبێ بۆ ناردنی مووچە، بیخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
وەک یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ کێشەیەک لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی نیساندا نییە، ''بەڵام مانگەکانی دیکە پێشبینی ناکرێ، چونکە دۆخی عێراق و ناوچەکە ئاڵۆز و نائارامە''.
پێشتر بەغدا و هەولێر لەسەر ناردنی 120 ملیار دینار وەک پشکی حکومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رێککەوتبوون. رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، بڕە پارەکە بۆ مانگی چوار هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە ''بەڵام بێگومان عێراق داوای 120 ملیار دینارەکەی خۆی دەکات، هەرچەندە هەندێک لێکتێگەیشتن لەوبارەوە هەیە.''
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: ''ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەیە، بەگشتی کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی لە عێراق و ناوچەکەدا هەبووە، بەغداش ئەوە دەزانێت و ئەو لێکتێگەیشتنە [لە نێوانماندا] هەیە.''
|