بەغدا هەوڵی چارەسەر کردنی کەمبوونەوەی بەنزین دەدات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  15 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق چارەسەربوونی کێشەی بەنزینی ڕاگەیاند و باسی لەوەشکرد، کە نرخی بەنزین لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ هەرزانترە.

کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی دۆخی ناوچەکە و ڕووداوە ئەمنییەکانەوە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان کشاونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین.

کۆمپانیاکە، باسی لەوەشکردووە، کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە و چارەسەرکردنی قەیرانەکە، لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەنزین لە دەرەوە هاوردە دەکەن، هاوکات پابەندبوونی تەواوەتیی خۆشیان بە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند کە بەهیچ شێوەیەک بەنزین لەو وڵاتەوە هاوردە ناکەن.

هاوکات نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی وەزارەتی نەوت، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، سەرجەم بەرهەمە نەوتییەکان بە پاڵپشتیی تەواوەتیی حکومەت دەدرێنە هاووڵاتییان بۆ پاراستنی ئاسایشی وزە، هەروەها نرخەکانیش لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و جیهان زۆر کەمترن.

وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی تێکەڵکردن لەناو پاڵاوگەکاندا تەنها کارێکی هونەرییە بۆ چارەسەرکردنی بەرهەمی نەفتا و گۆڕینی بۆ بەنزینێک کە لەگەڵ تایبەتمەندییە عێراقییەکاندا بگونجێت، ئەوەش لەپێناو زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکان.

لە ئێستاشدا چوار جۆر سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل بەردەستن کە بریتین لە: بەنزینی نۆرماڵ (ئۆکتان 85)، بەنزینی موحەسەن (ئۆکتان 91)، بەنزینی سوپەر (ئۆکتان 95)، لەگەڵ غازی شل. لە کۆتاییشدا وەزارەتەکە داوای لە میدیاکان کرد زانیارییەکان لە سەرچاوەی فەرمییەوە وەربگرن بۆ ئەوەی ڕای گشتی چەواشە نەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە