هاکان فیدان: پ.ک.ک، هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی بۆ دانانی چەک نەناوە

11   کاتژمێر پێش ئێستا  381 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە ئایاری 2025 هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی بۆ دانانی چەک نەناوە.

هاکان فیدان لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی NTVی تورکیا، باسی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پرۆسەی چارەسەری و پرسە گەرمەکانی تاوتوێ کرد. 

فیدان رایگەیاند، بۆ پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری کە لە تورکیا بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" ناودەبرێ، گرنگە پەکەکە بەشێوەیەکی کرداری کۆتایی بە پێکهاتە چەکدارییەکەی بێنێت و گوتی: "ئێستا هەندێک راگەیێندراو و ویست هەن، بەڵام گرنگە هەڕەشەکە بەشێوەیەکی کرداری خۆی لەنێو ببات و لە هەڕەشەبوون دەربچێت." 

لەبارەی ئەو قۆناغەی دوای بڕیاری پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی خۆی هاتووەتە ئاراوە، پرسیار لە هاکان فیدان کرا و ئەویش ئاماژەی بەوە کرد زیاتر لە ساڵێک بەسەر راگەیێندراوەکەی مانگی ئایاری 2025ـدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پێشهاتێکی کۆنکرێتی لەبارەی دانانی چەکەوە رووینەداوە.

هاکان فیدان وتی: "دەمانەوێ هەموو شتێک خێراتر بێت. بۆ نموونە، رێکخراوەکە لە مانگی ئایاری 2025 رایگەیاند کە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت. ئێستا گەیشتووینەتە ئەیلوولی 2026، واتە زیاتر لە ساڵێک تێپەڕیوە. تاوەکو ئێستا هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ دانانی چەک نەنراوە." 

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە لە قۆناغی داهاتوودا پێویستە هەندێک میکانیزم بخرێنە گەڕ و رایگەیاند، کات گرنگە، بەڵام دەبێت پرۆسەکە بە وریاییەوە بەڕێوەبچێت.

هاکان فیدان ئاماژەی بەوەشکرد: "دەکرێ پرۆسەکە خێراتر بێت، بەڵام وەک گوتم، پێویستە وریابین. ئێستا هەندێک راگەیێندراو و ویست هەن، بەڵام گرنگە هەڕەشەکە بەشێوەیەکی کرداری خۆی لەنێو ببات و لە هەڕەشەبوون دەربچێت. پێویستە زۆر لە نزیکەوە چاودێریی ئەمە بکەین." 

هاکان فیدان راشیگەیاند، پرۆسەکە تەنیا بە دانانی چەک سنووردار نییە و پێویستە ئەو کێشانەی ساڵانێکی زۆرە لە تورکیا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ، لەسەر بنەمای سیاسی چارەسەر بکرێن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە سەردەمی ئاکپارتیدا چاکسازیی سیاسی کراوە و سەرنجی خستە سەر پرسی ناسنامە.

هاکان فیدان بەبێ ئەوەی ناوی کورد بێنێت، وتی: "گەورەترین شۆڕشی سیاسی، لابردنی نکۆڵیکردن بوو لە ناسنامە. مرۆڤ نەوەک لەبەر ئەوەی کورد، عەلەوی، سوننە یان عەرەبە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاووڵاتییەکی کۆماری تورکیایە، تاکێکی بەڕێزی ئەم خاکەیە و لە ژێر پارێزگاریی دەستووریدایە. ئێمە ئەمەمان مسۆگەر کرد." 

ئاماژەی بەوەش کرد هێشتا بوار بۆ باشتربوون هەیە، بەڵام رێگەکەی خەباتی چەکداری نییە، بەڵکو سیاسەتە و وتی: "رێگەی ئەمە سیاسەتە، نەوەک تووندوتیژی" و روونیکردەوە، کە لە رابردوودا هەنگاوی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە نراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە