عەلی باپیر: قەوارەی هەرێم بەرهەمی خەباتی خەڵکە

11   خولەک پێش ئێستا  12 جار خوێنراوەتەوە

عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ٧٨.٥٩٪ دەنگیان بە دەستوور داوە، بۆیە پێویستە لە هەموو بارودۆخێکدا دەستوور سێبەر و مەرجەعی هەموو لایەک بێت.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە چەند تەوەرێکی سەرەکی کردووە سەبارەت بە پاراستنی قەوارەی هەرێم و هۆکارەکانی قەیرانەکان, لەوانە:

پاراستنی قەوارەی هەرێم: قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان و بەشێکە لە مافە شەرعی و ڕەواکانیان و لە دەستووریشدا چەسپێنراوە؛ بۆیە پاراستن و گەشەپێدانی ئەرکی هەموو لایەکە و هەر کاتێک مەترسی لەسەر بێت، کۆمەڵی دادگەری لە ڕیزی پێشەوەی پارێزەرانیدا دەبێت.

مەترسییە ڕاستەقینەکان: گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان، عێراق و هەر قەوارە و دەوڵەتێکی دیکە، بریتییە لە ستەم، بێدادی، چینایەتی، گەندەڵی و قۆرخکاری.

رەخنە لە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار: عەلی باپیر ئاماژەی بەوە داوە کە خۆزگە هەردوو حیزبی حوکمڕان لەسەر بنەمای پێشنیازە دڵسۆزانەکانی ڕابردوویان لەیەک نزیک ببوونایەتەوە و لەسەر بناغەی حەق، دادگەری، خزمەتی خەڵک و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکان دەنگ و سەنگی خۆیان یەک خستبایە.

مانەوە لە سەنگەری خەڵک: جەختی کردەوە کە هەڵوێستی چەسپاویان وەک ڕابردوو مانەوەیە لە ڕیزی خەڵک و چینە چەوسێنراوە و بێبەشەکان، هەرگیز نابنە پارسەنگی هیچ هێزێک و بە هەموو توانایان دژی گەندەڵی، قۆرخکاری و بەقاچاخبردنی سامانی وڵات دەوەستنەوە.

گەڕانەوە بۆ دەستوور و دادگای فیدراڵی: تاکە ڕێگەی چارەسەر بریتییە لە گەڕانەوە بۆ دەستوور و دامەزراوە فەرمییەکان، بەتایبەت دادگای باڵای فیدراڵی، چونکە ئەوەی حەقی بوێت هەرگیز لە دادگەری، دەستوور و یاسا ناترسێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بە پەندێکی مێژوویی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز کردووە و نووسیویەتی، قایمکردنی قەڵای وڵات بە دادگەری و پاککردنەوەی ڕێوبانەکانی دەبێت لە ستەم.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە