وەزیرى سامانە سروشتییەکان و لیژنەى بەقاچاخبردنى نەوت کۆدەبنەوە
13 خولەک پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
لیژنەى بەدواداچوونى دۆسیەى بەقاچاخبردنى نەوت لە پەرلەمانى عێراق، میواندارى وەزیرى سامانە سروشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات، بە وتەى ئەندامێکى لیژنەکە پرسیارى لەبارەى ئەو زانیارییانەوە لێدەکرێت، کە لە راپۆرتى لیژنەکەى حکومەتدا لەبارەى بەقاچاخبردنى نەوتدا هاتووە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، بە ڕووداوی ڕاگەیاند ئەمڕۆ لیژنەی بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە پەرلەمانى عێراق، لەگەڵ کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە بەغدا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو دۆسیەیە”.
ئەو کۆبوونەوەیە لەچوارچێوەى دیدارەکانى لیژنەکەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەى دۆسیەى بەقاچاخبردنى نەوت، بەر لەوەى راپۆرتێک لەسەر ئەو پرسە ئامادە بکات و بیداتە حکومەتى عێراق.
لای خۆشیەوە هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونەکەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند لەو میواندارییەى وەزیری سامانە سروشتییەکان پرسیارى لەبارەی ئەو زانیارییانەوە لێدەکرێت، کە لە راپۆرتی حکومەتی عێراق لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان هاتووە.
|