عەلی زەیدی دوو بڕیاری نوێی دەرکرد
9 خولەک پێش ئێستا
2 جار خوێنراوەتەوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدی فەرمانی بە یەکخستنی پێناسەی گومرگی لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان بە ڕێژەی پێنج لە سەت کردووە، هاوکات بانکی ناوەندیی عێراقی ڕاسپاردووە ژمارەی پشکە نەختینەییەکانی دراوی بیانی بۆ گەشتیاران لە ساڵێکدا لە شەش پشکەوە بۆ 12 پشک زیاد بکات.
لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەی ئامانج لێیان بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووری و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی و داراییە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوو بڕیاری تایبەت بە سیستەمی گومرگی و پێدانی دۆلار بە گەشتیاران دەرکرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە: لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەی کە ئامانج لێیان بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووری و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی و داراییە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، فەرمانی کرد بە یەکخستنی پێناسەی گومرگی لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان بە ڕێژەی پێنج لە سەت، کە لە یەکەم ڕۆژی مانگی کانوونی یەکەمی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ڕاگەیێنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕێکارە نوێیەکان ڕاسپاردنی بانکی ناوەندیی عێراق لەخۆ دەگرێت بۆ زیادکردنی ژمارەی پشکە نەختینەییەکانی دراوی بیانیی تەرخانکراو بۆ گەشتیاران بۆ 12 پشک لە ساڵێکدا لەبری شەش پشک، بە بڕی سێ هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک.
|