وەزیری نەوتی عێراق: لەگەڵ براکانمان لە هەرێمی کوردستان وەک یەک تیم کاردەکەین

15   خولەک پێش ئێستا  9 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای کەرکووک، کردنەوەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیای بە توانای سەرەتایی 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا راگەیاند؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا؛ گوتیشی، وەک "یەک تیم" لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لە کەرکووک بە ئامادەبوونی بریکارەکان، راوێژکاران و ستافی باڵای وەزارەت، کۆبوونەوەی دەستەی وەزارەتی نەوتی ئەنجامدا و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی پلان و ئامارە نوێیەکانی کەرتی نەوت و گازی خستەڕوو.

باسم محەممەد عەبادی رایگەیاند، بە پشتیوانیی توانای نیشتمانی، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بۆریی عێراق - تورکیایان کردووەتەوە و ئەوەیشی بە "دەستکەوتێکی گەورە" بۆ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی باکوور ناوبرد.

بە وتەی وەزیری نەوت، ئێستا بۆرییەکە دەتوانێ 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە بکات و لە رۆژانی داهاتوویشدا کارەکانی نۆژەنکردنەوە بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی توانای گواستنەوەکەی بگەیێننە سەرووی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا؛ هاوکات جەختی لە پاڵپشتیکردن و تەرخانکردنی بودجە بۆ کۆمپانیا نیشتمانییەکان کردەوە، وەک کۆمپانیای پرۆژە نەوتییەکان، کۆمپانیای ئامێرە ئەندازیارییەکان و کۆمپانیای هەڵکۆڵینی عێراق، تاوەکو ببنە رکابەرێکی نیشتمانی و کۆنترۆڵی نرخەکان بکەن.

وەزیری نەوتی عێراق وتی: "رۆژی 14ـی ئایار کاتێک ئەم دۆسیەیەمان لە وەزارەتی نەوت وەرگرت، هەناردەکردنی نەوت 200 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام ئەمڕۆ هەناردە گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەمەش ژمارەیەکە پێش قەیرانەکەش بەدەست نەهاتووە."

سەبارەت بە سیاسەتی وەزارەت بۆ دۆسیەی وزە، باسم عەبادی رایگەیاند کار دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ و کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گاز.

وەزیری نەوت ئاشکرای کرد ئێستا لەگەڵ گەورە کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا لە گفتوگۆدان، لەوانە شیڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل، کۆنۆکۆ فیلیپس، هالیبێرتۆن و شلومبێرگەر.

وتیشی: "بوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق رەنگدانەوەی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنانە، بەو پێیەی ئەو کۆمپانیایانە خاوەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بەڕێوەبردنی کاران، کە دەتوانین سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگرین بۆ وەبەرهێنان لە وزە و پەرەپێدانی کارمەندە نیشتمانییەکانمان لە بواری سەرکردایەتی، ئەندازیاری، کارگێڕی، دارایی و وردبینیدا."

وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی خستەڕوو گفتوگۆ لەگەڵ رێکخراوی ئۆپێک دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و رایگەیاند: "گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئۆپێک بەبێ بە راشکاوییە، عێراق زیاتر لە پێنج دەیە رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە و جەنگ بووەتەوە و لە شەڕی داعشیشدا بەرگری لە هەموو جیهان کرد. وەک وڵاتێکی دامەزرێنەری ئۆپێک مافی خۆمانە بەرگری لە مافەکانمان بکەین و داوا دەکەین رەچاوکردنێکی تایبەتی بۆ عێراق بکرێ بۆ ئەوەی ژێرخانی وڵات بنیات بنێینەوە."

بە وتەی وەزیری نەوت، ئامانجی حکومەت ئەوەیە توانای بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنێتە زیاتر لە 8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و ئەوەش تەنیا لە رێگەی وەبەرهێنان لە تەواوی کێڵگە و بلۆکەکانی گەڕان بەدی دێت، چ ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتن یان ئەوانەی لەنێو سنووری هەرێمی کوردستاندان.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی و هەماهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی سامانی نەوت بە باشترین شێوە و رایگەیاند: "کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بەسرە، نێوەڕاست و رۆژئاوا موڵکی هەموو عێراقییەکانن لەژێر سێبەری ئاڵای عێراقدا، بۆیە دەبێت ئەم سامانە بپارێزرێ."

هەروەها وتی: "لەگەڵ براکانمان لە هەرێمی کوردستان دەبینە یەک تیم بۆ وەبەرهێنانی نموونەیی لە سامانی نەوت و بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن."

باسم محەممەد عەبادی باسی لە پلانەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور کرد و رایگەیاند، بەرنامەیان لەگەڵ کۆمپانیای بی پی هەیە کە وەبەرهێنەرە لە چوار کێڵگەکەی کەرکووک و لە رۆژانی داهاتوودا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە توانای بەرهەمهێناندا دەبینرێت؛ هەروەها گفتوگۆیان لەگەڵ بی پی هەیە بۆ درێژکردنەوە یان هەموارکردنەوەی گرێبەستەکەی ئێستا تاوەکو وەبەرهێنان لە بلۆکی گەڕان و پشکنیندا بکات.

لەبارەی کێڵگەی عەجیلیش لە سەلاحەدین باسی لەوە کرد، گرێبەستێکی نوێیان هەیە کە بەم زووانە واژۆی دەکەن؛ هەروەها لە کێڵگەی حەمرین، کارکردن تێیدا لەگەڵ کۆمپانیای (HKN) دەستی پێکردووە و لە کێڵگەی نەوتی گەیارەش لە نەینەوا کار دەکەن بۆ ئەوەی بە هەر رێگەیەک بێت هەناردە بکرێت بۆ زیادکردنی داهاتی وڵات.

سەبارەت بە دانیشتووانی کەرکووک، وەزیری نەوت بەڵێنی دا گوشار بخەنە سەر کۆمپانیا کاراکان بۆ وەرگرتنی دەستی کار و دەرچووان و گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکانی کەرکووک و رایگەیاند: "رێگە بە پەیوەندییە کەسییەکان نادەین، دەرفەتەکان لە رێگەی بەرنامەیەکی روونی دامەزراندنەوە بۆ هەمووان دەبن و گرنگی بە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەدەین."

باسم عەبادی ئاماژەی بە رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە جەختی کردووەتەوە گەندەڵی دوو جۆرە، "یەکەمیان دزینی سامانی گشتییە و دووەمیان لاوازیی بڕیاردان و دواخستنی واژۆکردنی گرێبەستەکانە."

لەبارەی ئەو پێشێلکاری و کونکردنانەی لە هەندێک شوێن کراونەتە سەر بۆرییە نەوتییەکان، وەزیری نەوت وتی: "چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دادگەین و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەین لە ژێر هەر ناونیشانێکدا بێت کە دەستکاریی سامانی گشتی بکات."

روونیشی کردەوە کە سەردانەکەی بۆ کەرکووک بۆ پێداچوونەوەیە بە ئامێرەکانی پێوانەکردن و رێکارەکانی کارکردن، هەر بەرپرسێک کەمتەرخەم بێت سزا دەدرێت و هەر کەسێکیش دەستدرێژی کردبێت رەوانەی دادگا دەکرێت. باسی لەوەش کرد کە لە داهاتوودا کۆبوونەوەکانی دەستەی راوێژکاری وەزارەت دەبرێنە پارێزگاکانی دیکەش و سوپاسی حکومەتی خۆجێی و پەرلەمانتارانی کەرکووکی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی وزە لە پارێزگاکەدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە