بۆچی دوای 21 کاتژمێر گفتوگۆ ئێران و ئەمریکا رێک نەکەوتن؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  211 جار خوێنراوەتەوە

دوای 21 کاتژمیر لە دانوستاندنی راستەوخۆ و رووبەڕوو، ئەمریکا و ئێران بێ رێککەوتن کۆتاییان بە کۆبوونەوەکانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان هێنا. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، تاران مەرجەکانی واشنتنی بۆ دەستبەرداربوون لە چەکی ئەتۆمی رەتکردووەتەوە. تارانیش دەڵێت، ناکۆکییان لەسەر 3 پرس هەیە. 
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 12ی نیسانی 2026، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کۆتاییان بە گەڕێکی مێژوویی لە دانوستاندنی رووبەڕووی نێوانیان بێ ئەوەی هیچی لێ سەوز بێت، ئەمەش چارەنووسی ئاگربەستە ناسکە دوو هەفتەییەکەی خستووەتە بەردەم گومانی گەورە. 
 
ڤانس کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد لەو دانوستاندنە 21 کاژێرییەی ئیسلام ئاباد رایگەیاند، کۆبوونەوەکان بێ رێککەوتن کۆتاییان هاتووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێرانییەکان رەتیانکردەوە مەرجەکانی ئەمریکا قبووڵ بکەن بۆ ئەوەی دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ببن.
 
ڤانس پایتەختی پاکستانی بەرەو ئەمریکا بەجێهێشت. 
 
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، رەشنووسە 10 خاڵییەکەی ئێران و پلانە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا تاوتوێ کراون، لەسەر ژمارەیەک پرس لێکگەیشتن هەبووە، بەڵام لەسەر 3 پرس ناکۆک بوون. 
 
سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکای راگەیاندووە، ناکۆکییەکە لەسەر دوو پرس بووە: 
 
یەکەم: داوکاریی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز
دووەم: رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و وازهێنان لە پیتاندنی زیاتر. 
 
نێوەندگیرە پاکستانییەکان داوایان لە هەردوو وڵات کرد پارێزگاری لە ئاگربەستەکە بکەن.
 
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان وتی: "زۆر پێویستە لایەنەکان بەردەوام بن لە پابەندبوون بەو ئاگربەستەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاسانکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیەکی نوێ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.
 
خاڵەکانی ناکۆکی
 
ڤانس بە رۆژنامەوانانی راگەیاند: "راستییە سادەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە بەڵێنێکی پشتڕاستکەرەوەیە، کە ئەوان بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێن و بەدوای ئەو ئامرازانەشدا ناگەڕێن کە وایان لێدەکات بە خێرایی ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەوە ئامانجی سەرەکیی سەرۆکی ئەمریکایە. ئەوەش ئەو شتەیە کە هەوڵمانداوە لە رێگەی ئەم دانوستاندنانەوە بەدەستی بهێنین."
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتی، لە ماوەی 21 کاتژمێری رابردوودا چەندین جار قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە، هەروەها لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە و ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیوەندیدا بووە.
 
ئەو کاتەی ڤانس و ئێرانییەکان بە جیا قسەیان بۆ میدیا دەکرد، ترەمپ لە شاری مەیامیی ویلایەتی فلۆریدا بوو بۆ تەماشاکردنی یارییەکی زۆرانبازیی UFC. 
 
ڤانس کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر وەکو نێردەی تایبەت یاوەرییان دەکرد، گوتی: "ئێمە بە پێشنیازێکی زۆر سادەوە ئێرە جێدێڵین، کە بیردۆزێکە بۆ لێکتێگەیشتن و ئەمە کۆتا و باشترین پێشنیازی ئێمەیە. با بزانین ئایا ئێرانییەکان قبووڵی دەکەن یان نا."
 
لە کاتێکدا ترەمپ رایگەیاندبوو بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکانی سەر ئێران رادەگرێت، لێدوانەکانی ڤانس ئاماژەیان بەوە نەدا کە دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە چی روودەدات یان ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت یان نا.
 
لە یەکەم کاردانەوەیدا و وەک ئاماژەیەک بۆ هەنگاوی داهاتووی لە دژی ئێران، چەند کاتژمێرێک دوای قسەکانی ڤانس، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، بەستەری هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات، سەرۆکی ئەمریکا کارتێکی گوشاری بەدەستەوەیە و دەتوانێت گەمارۆی دەریایی بخاتە سەر ئێران. 
 
بەرپرسێکی ئەمریکیش بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندووە، "هەنگاوی داهاتوو لە دەستی ترەمپدایە."
 
پاککردنەوەی تەنگەی هورمز
 
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، دوو کەشتیی تێکشکێنەری ئەمریکی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون وەک ئامادەکارییەک بۆ پاککردنەوەی رێڕەوەکە لە مین. بەڵام میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، فەرماندەیی سەربازیی هاوبەش ئەو هەواڵەی رەتکردووەتەوە.
 
لە کاتێکدا دانوستاندنەکان بەردەوام بوون، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێمە خەریکی پاککردنەوەی تەنگەکەین. رێککەوتن بکەین یان نا، بۆ من هیچ جیاوازییەکی نییە."
 
داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، گەورەترین سوودی ستراتیژیی ئەو وڵاتە بووە لەم جەنگەدا. پێشتر نزیکەی پێنجی یەکی نەوتی بازرگانیی جیهان لە رێگەی زیاتر لە 100 کەشتیی رۆژانەوە بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕین. بەڵام لەوەتەی ئاگربەستەکە راگەیێندراوە، تەنیا 12 کەشتی تێپەڕیون.
 
مەرجەکانی ئێران
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە دانوستاندنە سێقۆڵییەکان دوای ئەوە دەستیانپێکرد، کە مەرجە پێشوەختەکانی ئێران جێبەجێ کران، لەنێویاندا کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان.
 
شاندی ئێران بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، "هێڵە سوورەکان"ـیان خستووەتەڕوو، لەنێویاندا قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر ئێران کەوتوون و ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران.
 
پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێران بۆ دانوستاندنەکان داوای گەرەنتیی کۆتاییهێنان بە جەنگی دەکرد و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزی دەدا. هەروەها داوای راگرتنی شەڕی دژی "هاوپەیمانە هەرێمییەکانی" دەکرد، بەتایبەتی راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا. لە بەرامبەردا، پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا، سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی تەنگەی هورمزی لەخۆدەگرت.
 
زیانەکانی جەنگەکە

ئەم جەنگە کە لە 28ی شوباتەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 3،000 کەسی لە ئێران، 2,020 لە لوبنان، 23 لە ئیسرائیل و زیاتر لە دەیان کەسی لە وڵاتانی کەنداو، عێراق، ئوردن و هەرێمی کوردستان کوشتووە و زیانی بە ژێرخانی نیوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیاندووە. داخستنی تەنگەی هورمزیش بووەتە هۆی دابڕانی کەنداو و هەناردەی نەوت و گازەکەی لە ئابووریی جیهانی، کە بەهۆیەوە نرخی وزە بەشێوەیەکی بێپێشینە بەرزبووەتەوە.
 
دانوستاندنی ئیسرائیل و لوبنان
 
لە کاتێکدا ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاگربەستەکە لوبنان ناگرێتەوە و بەردەوامە لە هێرشەکانی، بڕیارە رۆژی سێشەممە لە واشنتن دانوستاندن لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەستپێبکات. ئەمەش دوای راگەیاندنە لەناکاوەکەی ئیسرائیل دێت بۆ رێگەدان بە دانوستاندن، سەرەڕای ئەوەی هەردوو وڵات پەیوەندیی فەرمییان نییە.
 
بەڵام رۆژی شەممە نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی "بارودۆخی ناوخۆیی ئێستا" گەشتەکەی بۆ واشنتن دواخستووە. پێشبینی دەکرێت ئەمە کاریگەری لەسەر دانوستاندنەکان نەبێت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت گەڕی یەکەم لەسەر ئاستی باڵیۆزەکان بێت.
 
ئیسرائیل دەیەوێت حکومەتی لوبنان بەرپرسیارێتیی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا هەڵبگرێت، بەڵام ئەم گرووپە چەکدارە دەیان ساڵە بەرگەی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی هێزەکەی گرتووە. لە رۆژی راگەیاندنی رێککەوتنی ئاگربەستەکە لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل بە چڕی بەیرووتی بۆردوومان کرد و 350 کەسی کوشت، کە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، خوێناویترین رۆژ بووە لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە