لە 15ڕۆژدا دەبێت كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەکلا بکرێتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
111 جار خوێنراوەتەوە
لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق، ماوەی 15 رۆژ لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە فۆاكسیۆنی یەكێتی بە ٧ڕۆژی راگەیاند: دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عیراقی ، بەپێی یاسا تەنها 15 رۆژ كات هەیە بۆ ئەوەی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراقیش هەڵبژێردرێت.
وتیشی: پێویستە لەو ماوەیەدا چوارچێوەی هەماهەنگی ناوی كاندیدێك پێشنیار بكات بۆئەوەی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە راسپێردرێت بۆ ئەو ئەركە و پاشان پێكهێنانی كابینەكەی.
ئەوەشی خستەڕوو: بەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، عیراق هەنگاوێكی كردەیی نا بۆ دەرباز بوون لەبۆشایی یاسایی، هەروەها بەڕاسپاردنی كەسێكیش بۆ سەرۆك وەزیران پڕۆسەكە تەواو دەكرێت، چونكە لایەنەكان دەزانن كەبەهۆی ئەو بارودۆخەی لەناوچەكەدا هەیە، ناكرێت عیراق لەبۆشایی یاساییدا بێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی 11ی11ی2025 هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو، دوێنێش 11ی 4ی 2026، پاش 5 مانگ لەئەنجامدانی هەڵبژاردن و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراق، نزار ئامێدی كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە 227 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بوو بە سەرۆك كۆماری عیراق.
|