رۆژانە چەند وەرزشێک بکرێت، ئەگەری مردنی لەناکاو کەم دەبێتەوە؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
بەدواداچوونێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ئەنجامدانی چەند وەرزشێکی رۆژانە ئەگەری مردنی لەناکاو بە رێژەی 19٪ کەم دەکاتەوە.
توێژەرانی سکووڵی تەندروستیی گشتیی زانکۆی هارڤارد بەدواداچوونێکیان لەسەر 110 هەزار ژن و پیاو بۆماوەی 30 ساڵ لە ئەمریکا کردووە و دەرکەوتووە، ئەوانەی رۆژانە سوو یان سێ لە وەرزشەکانی (بە پێ رۆیشتن، تێنس، رێکردن، راکردن، یۆگا و بەرزکردنەوەی قورسایی) دەکەن، ئەگەری مردنی لەناکاویان کەمترە بەراورد بەوانەی یەک جۆر وەرزش یان هیچ وەرزشێک ناکەن.
د. یانگ هوو، یەکێک لە توێژەرانی بەدواداچوونەکە دەڵێت: "هەر وەرزشێکی جیاواز کاریگەرییەکی جیاواز پێشکێش دەکات"، هەر بۆیە پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن، رۆژانە چەند جۆرێکی وەرزش بکرێن.
ئەو بەدواداچوونە دوو ساڵ جارێک پرسیار و وەڵام لە بەشداربووان وەرگیراوە کە بەبێ دابڕان رۆژانە وەرزشیان کردووە. هەر بۆیە ئەوانەی وەرزشەکانیان کردووە، هەموو ئەو هۆکارانەیان کەمتر بووە کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و مردنی لەناکاو.
بەگوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی NHS لە بەریتانیا، ئەمانەی خوارەوە هەنگاوی گرنگن کە پێویستە رۆژانە جێبەجێ بکرێن؛
- وەرزشەکانی مامناوەند و چڕ کە هەموو ماسوولکە سەرەکییەکانی جەستە کار بکەن.
- هەفتانە 150 خولەک چالاکی مامناوەند و 75 خولەک چالاکیی بەهێز هەبێت.
- هەر هەفتەیەک 4 بۆ 5 رۆژ وەرزش بکرێت.
- کاتێکی زۆر بە دانیشتن، پاڵکەوتن و نەجووڵان بەسەر نەبردرێت.
- بایەخ بە وەرزشەکانی کاردیۆ بدرێت بەتایبەت (پایسکیلسواری، بە پێ رۆیشتن، راکردن، تێنس، سەماکردن و مەلە).
|