ئەگەر هەیە ئیسڕائیل لە مۆندیال دەربکرێت
11 کاتژمێر پێش ئێستا
72 جار خوێنراوەتەوە
شەوی چوارشەممە ئیسڕائیل و ئیتاڵیا لەمیانەی یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال ڕووبەڕووی یەکدیبوونەوە. یارییەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاندەرانی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو کە داوای دەرکردنی هەڵبژاردەی ئیسرائیلییان دەکرد لە مۆندیال.
هەرچەندە یارییەکە بە سەرکەوتنی ئیتاڵیا بە سێ گۆڵی بێوەڵام کۆتاییهات، بەڵام ئەم سەرکەوتنە دادی هاندەرانی ئیتاڵیای نەدا و وێکڕا هاواریاندەکرد "ئازادی بۆ فەلەستین".
ڕووداوەکە چۆن دەستیپێکرد؟
چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یارییەکە نزیکەی 10 هەزار خۆپیشاندەری لایەنگری فەلەستین لە دەوروبەری یاریگاکە کۆبوونەوە. گەرچی لە سەرەتاوە ڕێپێوانەکە ئاشتیانەبوو، بەڵام پاشتر لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس پێکدادان ڕوویدا و پۆلیسی ئیتاڵیا گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا دژ بە خۆپیشاندەران.
یارییەکە وەک ڕووداوێکی "پڕمەترسی" دەبینرا. بۆیە زیاتر لە 1000 پۆلیس و هێزی ئەمنی لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگاکە جێگیرکرابوون. پاسی تیپی ئیسڕائیل بە یاوەریی 13 ئۆتۆمبێلی پۆلیس گەیەندرایە یاریگا. هەلیکۆپتەر و درۆن چاودێریی تەواوی شاریان دەکرد، هەروەها قەناسبەدەست لە سەربانی هوتێلی تیپی ئیسڕائیل و یاریگاکە جێگیرکرابوون.
سەرەڕای فشارەکان، (جێنارۆ گاتوسۆ)ی ڕاهێنەری ئیتالیا جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە یارییەکە بکەن بۆ ئەوەی تووشی دۆڕاندنی زۆرەملێ نەبن بە ئەنجامی 3-0، کە زیانێکی زۆری بە هەوڵی ئیتالیا بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی دەگەیاند.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا کە (FIFA) بەنیازی ئەوەبووە ئیسڕائیل بەهۆی جەنگی غەززەوە لە پاڵاوتنی مۆندیال دووربخاتەوە، هەروەها (ئەلبێرتۆ فێلیس دی تۆنی، سەرۆکی شارەوانیی ئۆدینە)، داوای دواخستنی یارییەکەی کردبوو، ئەمەش قورساییی مەترسییە ئەمنییەکانی دەردەخست.
وەڵامی فیفا:
فیفا تا ئێستاش بەیاننامەی یەکلاکەرەوەی بڵاونەکردووەتەوە کە ڕازی بێت بە داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەران، کە بریتییە لە ڕاگرتنی یەکێتی تۆپی پێی ئیسڕائیل لە ڕکابەرییە نێونەتەوەیییەکان.
|